بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد مەجدەڵانی وەزیری پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی لە کابینەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە چاوپێکەوتنی ئاژانسی سپۆتنیکدا ڕایگەیاند: ئەو گوشارانەی کە ئەمریکا لە پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێی دەکات، پیشان دەدات کە ئەمریکا وەک چاودێر و نێوەندگێڕ بۆ ڕەوتی ئاشتی، شیابوونی خۆیی لە دەست داوە.
ناوبراو وتی کە سیاسەتی جۆبایدن هەمان سیاسەتی دوناڵد ترەمپە بۆ تێکەڵکردنی ڕژێمی زایۆنیستی لە پێکهاتەی ناوچەی عەرەبی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزیری پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی فەڵەستین وتی: ئەمە بەشێکە لە ستراتیژی واشنتن بۆ گۆڕینی ڕاستییەکانی ناوچەکە تا لە جێی ئەوەی تەل ئەبیب وەک هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتانی عەرەبی بێت، بانگەشەی هەڕەشەی ئێران بکات و بەم شێوەیە ڕژێمی زایۆنیستی بکاتە بەشێک لە پێکهاتەی ناوچەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوپەیمانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران.
مەجدەڵانی وتی کە لە پاش ڕێکەوتنی ئێران و سعوودیە بە چاودێری چین، کۆتایی بەم گومانانە هێنرا و سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە زیانێکی زۆری بەرکەوت بەڵام ئەو وڵاتە لە سیاسەت و هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوامە.
وەزیری پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی فەڵەستین وتی: ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا زیانێکی زۆری بە پرسی فەڵەستین گەیاندووە و دەیەوێت ناکۆکییەکانی فەڵەستین – ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ناکۆکییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەو ڕژێمە بگۆڕێت و ئەمەش پێشێلکردنی مافی فەڵەستینییەکانە و ئەمریکییەکان لە داگیرکاری خاکی فەڵەستیندا هاوبەشی زایۆنیستەکانن./.