بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە میانەی چاوپێکەوتنی ژمارەیەک لە زانایان، شارەزایان و بەرپرسانی پیشەسازی ناوەژی، ئەم پیشەسازییەیان بە کلیلی پێشکەوتنی ئێران لە بەشە جیاجیاکاندا ناو برد و بە جەختکردنەوە لە سەر هەوڵی هەمەلایەنە بۆ کاریگەری پێشکەوتنەکانی ناوەکی لە سەر ژیانی خەڵک، وتیان: بە خۆماڵیکردنی پیشەسازی زۆر گرنگی ناوەکی پیشاندەری شکستی ڕۆژئاوا و ئەوانەیە کە لایەنگری ڕۆژئاوان، ئەوانەی کە هەوڵی سووکایەتیکردن بە گەلی ئێران و لاوازکردنی ورەی کار و هیوایان دەدا.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وێڕای دەستخۆشی لە زانایان، بەرپرسان و چالاکوانانی پیشەسازی ناوەکی، وتیان: دەبێت خەڵک لە گەڵ ڕەهەندە جیاجیاکان و کاریگەرییەکانی ئەم پێشکەوتنانە لە ژیانی ئەواندا ئاشنا بکرێن.
بەڕێزیان لە ڕوونکردنەوەی گرنگییەکانی پیشەسازی ناوەکی، ئەم پیشەسازییەیان لە ڕووی پێشکەوتن و دەرکەوتنی تواناکانەوە بە مایەی شانازی وڵات ناو برد و بە ئاماژە بە کاریگەری سەرەکی دەسکەوتەکانی ناوەکی لە باشترکردنی ژیانی خەڵک وتیان: پیشەسازی ناوەکی لە ڕووی کێشی سیاسی و پێگەی جیهانیی ئێران، بووەتە هۆی شانازی نیشتمانی بۆ وڵات، وێڕای ئەوەی کە لە بەرامبەر هەوڵەکانی دوژمنان بۆ بێهیواکردنی خەڵک بە تایبەت گەنجان، ورە و هیوا و متمانە بەخۆبوون لە ئاستی نیشتمانیدا لە کۆمەڵگا زیندوو دەکاتەوە و ئەوەش بە خەڵک و بە تایبەت گەنجان پیشان دەدات کە دەتوانن لە گۆڕەپانە گەورەکان بە سەر دوژمناندا زاڵ بن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وێڕای شرۆڤەی گرنگی ستراتیژیی پیشەسازی ناوەکی، بە ئامرازێکی سەرەکی هێز و پێگەی ئێران ناویان برد و وتیان: ئەوەی کە ئێران، کۆماری ئیسلامی و هێز و پێشکەوتنی وڵاتی دەوێت، دەبێت بۆ چالاکییەکانی زانستی، توێژینەوەیی و پیشەسازی ناوەکی بایەخ و گرنگی دابنێت.
بەڕێزیان پڕوپاگەندەی وڵاتانی ڕۆژئاوایان بۆ مەترسیدار پیشاندانی وەبەرهێنانی چەکی ناوەکی لە ئێران بە درۆ ناو برد و وتیان: ئەوان دەزانن کە ئێمە هەوڵی گەیشتن بە چەکی ناوەکی نادەین، وەک چۆن کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا چەندین جار بە تایبەت لە چەند مانگی ڕابردوودا دانیان بەوەدا ناوە هیچ نیشانەیەک لە هەنگاوی ئێران بەرەو درووستکردنی چەکی ناوەکی بوونی نییە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: وەبەرهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ (ناوەکی و کیمیایی) بە دژی ئیسلام دەزانین و ئەگەر ئەمە بنەمایەکی ئیسلامی نەدەبوو و ئێمە ئیرادەی درووستکردنی چەکی ناوەکیمان دەبوو، ئەو کارەمان دەکرد و دوژمنانیش دەزانن کە نەیاندەتوانی ڕێگری لە ئێمە بکەن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دژایەتیکردنی پێشکەوتنی گەلی ئێرانیان بە هۆکاری سەرەکی پڕوپاگەندەی دوژمنان لە دژی پیشەسازی ناوەکی ناو برد و وتیان: ئەم پیشەسازییە کلیلی پێشکەوتنی بەرچاوی وڵات لە بەشە جیاجیاکانە، وێڕای ئەوەی کە دوژمنان لەوە دەترسن گەلانی دیکە ئەم ڕێباز و بیرکردنەوەی پێشکەوتنخوازییەی ئێران وەک نموونەیەک بەکار بێنن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی کێشەی 20 ساڵەی ناوەکی دوژمنانیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکاری ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکی زۆر ناو برد و وتیان: ئاشکرابوونی لۆژیکی نامرۆڤانە و زۆربێژانەی نەیارانی پێشکەوتنی ئێران، ئەو ڕاستییە بوو کە بۆ گەلانی دیکە ئاشکرا بووە، هەروەها پێویستی بێ متمانەیی بە لایەنەکانی بەرامبەر لە دۆسیەی ناوەکی، ڕاستییەکی دیکەیە کە ئاشکرا بووە.
بەڕێزیان وتیان: لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنی ناوەکی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەڵێنێکی زۆریاندا کە جێبەجێ نەکرا و ئێمە بەوە گەیشتووین کە بە کێ و لە کوێدا متمانە بکەین و ئەمەش بۆ گەلی ئێران زۆر گرنگە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: دوژمنان بۆ ڕاگرتنی پێشکەوتنەکانی ئێران کەڵکیان لە تاوان و تیرۆر وەرگرت بەڵام لەوەدا شکستیان هێنا کە کۆتایی بە پیشەسازی نیشتمانی و خۆماڵیی گەنجانی ئێمە بێنن.
بەڕێزیان جەختیان لە سەر کاریگەرییەکانی پیشەسازی ناوەکی لە بەشە جیاجیاکانی ژیانی خەڵک وەک تەندرووستی، پیشەسازی، کشتووکاڵی، ژینگە و ئاوشیرینکردن کردەوە و وتیان: خۆشبەختانە ئەمە لە بواری جێبەجێکردندایە و منیش پێداگری و جەخت لە سەر ئەوە دەکەمەوە کە ژیانی خەڵک کەڵک لە پێشکەوتنە زانستییەکانی پیشەسازی ناوەکی وەربگرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە کۆتاییدا ڕایانگەیاند کە لە چوارچێوەی یاساکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، پەیوەندی و هاوکاری لە گەڵ ئەو دامەزراوەیەدا هەبێت و وتیان کە لە سەرەتاوە تا ئێستا ئامۆژگاری من بۆ بەرپرسانی پیشەسازی ناوەکی هەر ئەمە بووە./.