بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەلیم حەربا لە وتووێژێکدا مووشەکی دەنگبڕی فەتاح ی نەک تەنیا بە هۆکاری بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵکوو بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە جیهانی خۆڕاگریدا ناو برد.
ناوبراو وتی: ئەم مووشەکە بە تایبەتمەندییە تەکنیکی و سەربازییەکەی و بە پێی کاتی وەبەرهێنان، بووەتە دەسکەوتێکی سەربازی، تەکنۆلۆژیایی و ستراتیژی لە وەبەرهێنانی مووشەک، بە تایبەت بەو خێراییەی سەروی دەنگ و هێزی لێدان لە ئامانجەکان کە دوژمنانی سەرسام کردووە.
حەربا وتی: مووشەکی دەنگبڕی فەتاح بووەتە هۆکاری گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پلانەکانی ستراتیژی لە بواری بەرگری و شەڕ و ئاسایش، هەروەها کۆتایی بە تەمەنی بەشێکی زۆری سیستەمەکانی بەرگری دێنێت و بووەتە خاڵێکی گۆڕانکاری مێژوویی لە ئاستی ناوچەکە و جیهان بەراورد بە مووشەکەکانی پێش خۆی.
ئەو شرۆڤەکارەی سوریا وتی: ئێران و بەرەی خۆڕاگری پێش وەبەرهێنانی مووشەکی فەتاح بەهێز و بەتوانا بوون و پاش فەتاح بەهێزتر بوون و بوونەتە هێزێکی ناوچەیی و جیهانی کە ناکرێت یاری بە ئاسایشی ئەوانەوە بکرێت.
ناوبراو وەبەرهێنانی ئەم مووشەکەی بە لێدانێکی کاریگەری ئەمنی، هەواڵگری و سەربازی لە ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا و دوژمنانی خۆڕاگری ناو برد و وتی: ئاساییە کە ئەوان لەم دەسکەوتە توڕە بن، بەڵام لە کۆتاییدا ناچار دەبن لە گەڵ ڕاستییەکاندا ڕا بێن و ئەگەر گوشار و گەمارۆکان زیاتر بکەن لە ئاکامدا لە بەرامبەر خۆڕاگری گەلاندا دەچەمێنەوە.
بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە بەناوبانگەی سوریا، ڕوونوێنی لە مووشەکی نوێی دەنگبڕ، لە لایەکەوە، ئەو پەیامەی داوەتە گەلی ئێران کە فەرماندەیی سەربازیی ئەم وڵاتە بەردەوام ئامادەی پاراستنی دانیشتووانی خۆیە و لە لایەکی دیکەوە پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوانەی داوەتە ڕژێمی زایۆنیستی کە واز لە هەر هەنگاوێکی هەڵە لە دژی ئێران بێنێت.
سەلیم حەربا وتی: پێشکەوتنە گەورە و گرنگەکەی ئێران لە بواری پیشەسازی مووشەکی، کاریگەری بەرچاوی لە سەر هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە دەبێت و بووەتە هۆکارێکی ڕێگری لە پیلانگێڕییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران.
ناوبراو وتی: ئێران هەوڵیداوە لە جێی فڕۆکەی شەڕکەر، گرنگی بە پەرەپێدانی پیشەسازی مووشەکی بدات، لە بەر ئەوەی کە مووشەکەکان کاریگەری زۆریان هەیە و لە ڕووی تێچووشەوە زۆر هەرزانترن لە فڕۆکە شەڕکەرەکان.
سەلیم حەربا لە کۆتاییدا ئاماژەی بە لێدوانەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا کە بەردەوام جەختیان لە سەر لاوازبوونی ڕۆڵی ئەمریکا وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە بواری نێودەوڵەتی و پەراوێزکەوتنی ئەو وڵاتە کردووەتەوە./.