بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی حەشدی شەعبیی بەسەرکردەوە و لە گەڵ فەرماندە و بەرپرسانی باڵای ئەم هێزە کۆبووە.
ناوبراو لەو کۆبوونەوەدا کە بە بۆنەی نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی حەشدی شەعبی بووە، وێڕای پیرۆزبایی، گیانفیدایی و حەماسەتەکانی ئەم هێزەی بەرز نرخاند و وتی کە فەتواکەی ئایەتوڵڵا سیستانی پیلانەکانی دوژمنانی تووشی شکست کرد و هاوکێشەکانی پێچەوانە کردەوە و لە ئەنجامی ئەوەش هێزێک دامەزرا کە پیلانەکانی دوژمنانی پووچەڵ کردەوە.
سودانی وتی کە فەتواکەی مەرجەعیەتی باڵا و دامەزراندنی حەشدی شەعبی بووە هۆکاری مسۆگەربوونی سەرکەوتن لە بەرامبەر داعش و سەرەتایەکی نوێ بۆ عێراق و خەڵکی ئەم وڵاتە بەرەو یەکڕیزی و ئاوەدانی و پەیامی ئاشتی گەلی عێراق بۆ هەمووان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە کە حەشدی شەعبی کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و شیاوی ڕێزلێنانە./.