بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش تەقینەوەکانی ئەم دواییەی ویلایەتی بەدخشان لە باکوری ئەفغانستان، داعش لە ڕاگەێندراوێکدا بە فەرمی بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆ گرت.
گرووپی تیرۆریستی داعش ڕایگەیاندووە کە لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە مزگەوتی نەبەویی ویلایەتی بەدخشان 7 کەس بە تایبەت فەرماندەیەکی باڵای تاڵیبان کوژران و بریندار بوون.
داعش ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشە خۆکوژییە لە لایەن ئەندامێکی ئەم گرووپەوە بە ناوی تارق خۆراسانی کراوە و لە هێرشەکەدا 20 کەس بە تایبەت یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی تاڵیبان کوژران و 50 ی دیکەش بریندار بوون.
لە سەر کوژراو و بریندارەکانی ئەم هێرشە ئاماری جیاجیا بڵاو کرایەوە. کەناڵی جزیرە لە سەر زاری بەرپرسانی وەزارەتی تەندرووستی تاڵیبان ڕایگەیاند کە لەو هێرشەدا 18 کەس کوژران و 33 ی دیکەش بریندار بوون بەڵام وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان ڕایگەیاند تەنیا 11 کەس کوژراون.
چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاند کە لەو هێرشەدا سەفیۆڵڵا سەمیم لە فەرماندە باڵاکانی تاڵیبان کوژراوە، ناوبراو پێشتر فەرماندەی پۆلیسی ناوچەی بەغلان بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە گۆڤاری ” العظیم ” سەر بە داعش لە ئەفغانستان ناو و زانیاری سێ بەرپرسی باڵای تاڵیبان و وێنەکانی ئەوانی بڵاو کردووەتەوە کە لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا کوژراون، ئەو کەسانەش فەرماندەی پۆلیسی تاڵیبان و قایمقامەکانی بەدخشان و بەڵخ بوون.
سەرەڕای ئەوەی کە تاڵیبان بانگەشەی کۆتایی هێنان بە داعش لە ئەفغانستان دەکات بەڵام ئەم گرووپە تیرۆریستییە ڕایگەیاندووە کە درێژە بە هێرشەکانی دەدات.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بە پشت بەستن بە بەڵگە ئاشکراکراوەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەفغانستان بووەتە ناوەندی هاوئاهەنگی داعش و ئەم گرووپە تیرۆریستییە هەوڵ دەدات پلانی هێرشەکانی دژ بە ئاسیا و ئەورووپا لە ئەفغانستانەوە دابڕێژێت و لە دژی ئەمریکاش پیلانگێڕی بکات.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتەش، زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کە لە پلەتفۆرمی Discord دزەی کردووەتە دەرەوە، باس لەوە دەکات کە داعش بە دیاریکراوی هەوڵی بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەکان، کەنیسەکان، ناوەندە بازرگانییەکان و تەنانەت یارییەکانی ڕابردووی مۆندیالی قەتەری داوە.
زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان لە زنجیرە تویتێکدا وەڵامی ڕاپۆرتەکەی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتە ئەمریکییە سەبارەت بە بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان لە لایەن داعشەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕەتدەکاتەوە.
وتەبێژی تاڵیبان لە درێژەدا ئەو بەڵگانەی بە تەزویر ناو برد و ڕایگەیاندووە کە بانگەشەی ئەمریکییەکانە لە دژی تاڵیبان و خەڵک بە هەوڵی لەم شێوەیە فریو نادرێن.
سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش سەبارەت بە چالاکییەکانی داعش لە ئەفغانستان ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی قاعیدە و داعش لە ئەفغانستان دەکات.
ناوبراو وتی: ئاشکرایە کە ئەمریکا چالاکانە پاڵپشتی لە چەکدارانی داعش لە ئەفغانستان، قاعیدە و گرووپەکانی دیکە دەکات و ئامانجەکەشی ڕێگرییە لە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەفغانستان.
بەڵام سەرەڕای نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکە لە چالاکییەکانی داعش لە ئەفغانستان، بەرپرسانی باڵای تاڵیبان بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە سەبارەت بە چالاکی داعش لە ئەفغانستان بابەتەکە گەورە کراوە و ئەم گرووپە بەرەو لەناوچوون دەڕوات.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە چالاکییەکانی داعش تەنیا گەورە دەکرێت و ئەو هێرشانەش بەراورد بە ئەزموونەکانی تاڵیبان و ئەوەی کە خەڵک دەبینن، زۆر بچووکە.
وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە داعش بە نهێنی و بە هەوڵێکی زۆر دەیەوێت قەرەباڵغی شارەکان بەکار بێنێت، سەرەڕای ئەمەش هێرشەکان زۆر کەم و بەراورد بە ئەزموونەکانی ئێمە بچووکن.
موجاهید لە کاتێکدا هەندێک لە وڵاتانی بە گەورە پیشاندانی هێرشەکانی داعش لە ئەفغانستان تۆمەتبار کردووە کە پێشتر فەرماندەی فەرماندەیی ئەمریکا لە ناوچەکە هۆشداری دابوو داعش لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا دەتوانێت لە خاکی ئەفغانستانەوە هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دیکە.
باشترە بەرپرسانی باڵای تاڵیبان لە جێی نکۆڵیکردن لەم ڕاستییانە، بوونی داعش لە ئەفغانستان قبووڵ بکەن و کەڵک لە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتانی دۆست لە ناوچەکە بۆ لەناوبردنی داعش وەربگرن./.