بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی بواری زانستی خۆراک سەبارەت بە نان چەند زانیارییەکی بڵاو کردووەتەوە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەدرێت.
1 – ئەو زیانانەی کە باس کراون بریتین لە زیانەکانی ئاردی سپی، واتە ئاردی سفر و هەموو پسپۆڕان لە سەر ئەوە کۆکن کە پێویستە نان لە ئاردی بۆر درووست بکرێت، لە بەر ئەوەی کە ئاردی بۆر وەک دانەوێڵە تەواوەکان پۆلیین دەکرێت و هەر سێ پێکهاتەکانی گەنمی تێدایە لە کاتێکدا ئاردی سپی تەنیا لە Endosperm درووست دەکرێت و بەشی زۆری ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکانی تێدا نییە.
2 – نان بڕێکی زۆری کالۆری تێدا نییە، واتە بە تەنیا نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆری کێش، بەڵام نانێک کە لە ئاردی سپی درووست کرابێت، یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی قەڵەوی ورگ، هەروەها بە هۆی کەمی مادە ڕیشاڵییەکان و بەرزی glycemic index و ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر دەکات. ئاردی بۆر و ئاردی گەنمەشامی و شۆفان و ئاردی جۆ و ئاردی بادام باشترن و مرۆڤ درەنگتر هەست بە برسێتی دەکات.
3 – بڕی ڕێگاپێدراوی ڕۆژانە لە ئارد بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە 178 گرام بەڵام ئەو ڕێژەیە بە پێی جۆری خواردن و پیشە و چالاکی جەستە و ئەنجامدانی وەرزشەوە دەگۆڕێت، واتە ڕۆژانە نزیکەی دوو نانی بازاڕ، بەڵام لە یادمان نەچێت کە خۆراکی دیکەی وەک پیتزا و کێک و ئیشی هەویر و پسکیت ئارد هەیە.
4 – لە هەرێمی کوردستان نانی بازاڕ بڕی زیاتری لێدەخورێت کە گەرم بێت و نانی تیری و هەورامی کەمتری لێدەخورێت.
5 – ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دانیشتووان مادەی گلۆتینی ناو گەنم و جۆیان پێناکەوێت و هەرسی ناکەن، لە ئەمریکا ڕێژەی لە سەدا 7 ی دانیشتووان ئەم حاڵەتەیان هەیە، واتە زۆرینەی خەڵک ئەو کێشەیان نییە و ئاردی سپی نڕی گلۆتینی زیاتری تێدایە.
6 – بوونی ڕەشکە و شمڵی و تۆوەکانی تر لە ناو نانی ئاردی بۆر سوودەکانی زیاتر دەکات، هەروەها بەکارهێنانی خومرە لە بری سۆدە بژاردەیەکی زۆر تەندرووستە.
7 – گرنگترین هۆکاری قەڵەوی بریتییە لە خواردنی بڕی زیاتر لە پێویستی جەستە لە کالۆری لە ڕۆژێکدا، خواردنی دەوڵەمەند بە کاربۆهیدراتی سادەی وەک ئاردی سپی و برنجی سپی و شەکری درووستکراو و شیرینی بڕێکی زۆر لە کالۆریی تێدایە، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی زوو برسی بوونەوە، بەڵام مادە پرۆتینەکان ماوەیەکی زۆر زیاتری دەوێت تا هەرس دەکرێن و درەنگتر کەسەکە برسی دەبێتەوە، کەس نییە بە نان و ماست یان نان و تەماتە قەڵەو بێت، بەڵکوو کۆی خۆراکی خوراو و جۆرەکەی بە درێژایی ڕۆژەکە پێویستە هەژمار بکرێت.
8 – لە کۆتاییدا کاتی ئەوە هاتووە کە نانی ئاردی بۆر لە بری نان و سەمونی ئاردی سپی ڕۆژانە بخورێت./.