بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاروانسەرای زەینەدین یەکێک لە کاروانسەرا جوانەکانە کە کەوتووەتە نێو دڵی بیابانەکانی پارێزگای یەزد لە قەزای مێهریز. ئەم کاروانسەرایە لە 60 کیلۆمەتری ڕێگای یەزد – کرمان دایە و وەک یەکێک لە بینا کەم وێنەکان کە لە سەردەمی سەفەوییەکان بە یادگار ماوەتەوە، لە ئێستادا وەک شوێنێکی گەشتیاری کەڵکی لێوەردەگیرێت. لە ساڵی 1999 تا 2001 چەندین بەشی ئەم بینایە نۆژەنکراوەتەوە. کاروانسەراکە لە سەدەی 10 ی کۆچی مانگی درووست کراوە و وەک شوێنێکی مانەوە بەکار هاتووە.
ئەم کاروانسەرایە لە ڕووی بیناسازییەوە هەڵگری تایبەتمەندییەکی زۆرە و نموونەیەکی دیکەی لێ نابینرێت، تەنیا ئەو کاروانسەرایە نەبێت کە لە نێوان کاشان و نەتەنز هەبووە و ئێستا ڕووخاوە.
ئەم بینایە لە سەردەمی سەفەوی درووست کراوە و شا عەباسی سەفەوی لەو سەردەمەدا 999 کاروانسەرای لە ئێراندا کردەوە و زەینەدین یەکێک لە جوانترینی بیناکان بووە. لە بەشێکی زۆری کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە کە کاروانسەرای زەینەدین لە یەزد بە بۆنەی چاوپێکەوتنی شا عەباس و زەینەدین گەنجعەلی خان دەسەڵاتداری پارێزگای کرمان لە سەدەی 10 کۆچی مانگی درووست کراوە.
ئەندازیارەکەی ئەم کاروانسەرایە لە مێهریز کەسێک بووە بە ناوی محەممد سوڵتان یەزدی و یەکێک لە باشترین ئەندازیارانی ئەو سەردەمە بووە و دیزاینەر و ئەندازیاری کۆمەڵەی کەم وێنەی گەنجعەلی خانی کرمانیش هەر ئەم کەسە بووە.
خاڵی گرنگ و جیاکەرەوەی کاروانسەرای زەینەدین لە کاروانسەراکانی دیکە، ئەوەیە کە وەک گۆڕەپانێکە. ئەم کاروانسەرایە لە باشترین بیناکانی سەردەمی سەفەوی لە سەدەی 10 ی کۆچی بووە و لە قۆناغیکدا بۆ مانەوەی چەکداران و پاسەوانەکان بەکار هاتووە. ئەمڕۆش سەرجەم ئەو شوێنانە وەک خۆیان ماونەتەوە و گەشتیاران سەردانیان دەکەن.
ئەوانەی کە ویستی سەردانیکردنی بیابانەکانی یەزدیان هەیە و دەیانەوێت میوانی پارێزگای یەزد بن، دەتوانن کاروانسەرای زەینەدین بۆ مانەوەی خۆیان بەکار بێنن و تێچووی مانەوەش بەراورد بە هوتێلەکانی دیکە زۆر کەمە و بەدەر لەمەش بیرەوەرییەکی زۆری لە گەڵدا دەمێنێتەوە.
بۆ گەیشتن بەم کاروانسەرایە دەبێت بۆ 62 کیلۆمەتریی باشوری یەزد و 40 کیلۆمەتریی قەزای مێهریز بڕۆن.
یەکێک لە باشترین و کۆنترین ئاسەوارە مێژووییەکانی پارێزگای یەزد لە نزیک کاروانسەرای زەینەدین قەڵای سەریەزدە، ئەم قەڵایە زۆر گەورەیە و بە چواردەوریدا بۆ پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک خەندەق لێدراوە. سەریەزد تەنیا بینای مێژوویی سێ نهۆمیی پارێزگای یەزدە کە هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە. درووستکردنی بەشە ناوخۆییەکانی ئەم قەڵایە بۆ 1800 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. بەشی دەرەوەی قەڵای سەریەزد لە سەردەمی سەفەویدا درووست کراوە. ئەم قەڵایە بە خەندەقێکی 5 مەتری گەمارۆ دراوە./.