بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێش ئەوەی کە هاکان فیدان بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەستنیشان بکرێت، بە نافەرمی ئەو هەواڵە ئاشکرا کرابوو و هەمووان دەیانزانی کە بڕیارە ناوبراو ببێتە شوێنگرەوەی مەولود چاوش ئۆغلۆ کە ئێستا لە پەرلەمانی تورکیایە.
پێش ئەوەش پێشبینی دەکرا کە فیدان ببێتە شوێنگرەوەی سولێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە بەر ئەوەی کە نزیکایەتییەکی زۆر لە نێوان دەزگای هەواڵگری و وەزارەتی ناوخۆ هەیە و بەمەش ئیبراهیم کاڵین وتەبێژی پێشووی سەرۆکایەتی کۆمار ببێتە وەزیری دەرەوە. لە ئاکامدا کاڵین چووە دەزگای هەواڵگری و فیدان بووە کەسی یەکەمی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا.
دەستنیشانکردنی هاکان فیدان وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا پیشاندەری تێڕوانین و سیاسەتی ” سەدەی تورکیایە “. تورکیا پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەیە، بە تایبەت ئەوەی کە فیدان ئەندازیاری دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان و ئاشتییە لە گەڵ ژمارەیەک لە وڵاتان لە ساڵی 2010 تا ئێستا و لە کۆمیتە چوارقۆڵییە ئەمنییەکەی مۆسکۆش بە ئامادەبوونی ئێران و سوریا بەشدار بووە.
فیدان پەیوەندییەکی باشی لە ئاستی دەرەوەدا هەیە، لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەفریقی و ڕۆژهەڵات و ئەمەش لە گەڵ سیاسەتی نوێی تورکیا بۆ قۆناغی داهاتوو یەک دەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی کە تورکیا لەم قۆناغەدا هەوڵی باشترکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەدات و فیدان دامەزرێنەری ئاشتی تورکیایە لە گەڵ وڵاتانی ئیمارات، میسر و سعوودیە و ڕۆڵی سەرەکیش لە پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا دەگێڕێت و هەروەها هۆکاری باشتربوونی پەیوەندییەکانی تورکیایە لە گەڵ ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
تایبەتمەندییەکی دیکەی هاکان فیدان، نزیکایەتی زۆری ناوبراوە لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە ڕادەیەک کە ناوبراو بە سێبەری ئەردۆغان، سندۆقە ڕەشەکە و نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆمار بۆ زۆربەی دۆسیە هەستیارەکان دادەنرێت و بوونی لە وەزارەتی دەرەوەدا بە واتای ئەوەیە کە بڕیارە تورکیا لەم قۆناغەدا دیپلۆماسیەتێکی بەهێز پەیرەو بکات.
لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی دۆسیە و کێشەکان لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی تورکیا پێش ئەوەی ببرێتە وەزارەتی دەرەوە، لە دەزگای هەواڵگری چارەسەر کراوە کە لە لایەن فیدانەوە سەرۆکایەتی کراوە.
هاکان فیدان لەدایکبووی ساڵی 1968 ی ئەنکەرە و لە کاتی ئامادەبوونی لە ڕێکخراوی ناتۆ درێژەی بە خوێندن لە بواری زانستە سیاسییەکان و کارگێڕی لە زانکۆی مریلەند داوە و هەروەها ماستەر و دکتۆرای لە بواری پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنکەرە وەرگرتووە.
فیدان لە مێژەوە هەوڵیداوە لە سێبەردا نەمێنێت و لە ساڵی 2015 بە ڕاشکاوانە ئەمەی بە ئەردۆغان ڕاگەیاندبوو. ئەردۆغانیش بەڵێنی بە فیدان دابوو، هەرچەندە داوای لێکردبوو کە ماوەیەک دان بە خۆیدا بگرێت و لە دەزگای هەواڵگری بمێنێتەوە.
فیدان یەکێک لەو 4 کەسە نزیکەی ئەردۆغان بووە و بەردەوام لە دۆسیە هەستیارەکاندا جێی متمانەی سەرۆک کۆماری تورکیا بووە.
تورکیا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ کە لە گەڵ ڕابردوودا جیاوازیی هەیە و دەیەوێت بە دەستنیشانکردنی کەسێکی بەهێز بۆ سیاسەتی دەرەوە پەیامێک بە لایەنەکانی دیکە بگەێنێت، بۆ ئەو کەسانەی کە پاڵپشتی لە نەیارانی ئەردۆغان دەکەن، بۆ لایەنە کوردییەکان و ئەوانەش کە بڕیارە پەیوەندییەکی باشیان لە گەڵ تورکیادا هەبێت.
وەزیری دەرەوەی نوێی تورکیا زانیاری و پەیوەندییەکی قووڵی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەورووپی هەیە و باشترین کەسە لە ڕوانگەی ئەردۆغانەوە بۆ تورکیا لەم قۆناغەدا.
لە لایەکی دیکەوە دەستنیشان کردنی فیدان بۆ وەزارەتی دەرەوە لە گەڵ بوونی محەممەد شیمشەک بۆ وەزارەتی دارایی پەیوەندیی هەیە. ئەردۆغان لە دەیەی حەوتەمی ژیانی خۆیدایە و ئەمە کۆتا خولی سەرۆکایەتی ناوبراوە و دەیەوێت بە تیمێکی بەهێز پلان و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات.
ئەردۆغان لەم قۆناغەدا چاوی بڕیوەتە ئەزموونی ئابوریی چین کە بریتییە لە زیاترکردنی وەبەرهێنان و هەناردە. لە ڕووی ئەمنیشەوە چاوی لە بەریتانیایە کە پێی وایە چالاکییە هەواڵگرییەکان هاوشانی دیپلۆماسی دەبێت بەردەوام بێت، بە واتایەکی دیکە لەم قۆناغەدا هاوکارییەکانی نێوان هاکان فیدان لە وەزارەتی دەرەوە و ئیبراهیم کاڵین لە دەزگای هەواڵگری میت زیاتر دەبێت.
دەستنیشانکردنی فیدان بۆ وەزارەتی دەرەوە لە ناوخۆی تورکیا جێی ڕەزامەندی بووە و ئاماژە بە ئەزموونەکانی ناوبراو لە ماوەی ڕابردوو دراوە: ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی پێشووتری تورکیا داود ئۆغلۆ، ڕاوێژکاری باڵیۆزی تورکیا لە ئۆسترالیا، سەرۆکی ئاژانسی پەرەپێدان و هاوئاهەنگی تورکیا، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و لە ئاکامدا سەرۆکایەتی ئەم دەزگایە.
لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 لە دژی ئەردۆغان، فیدان تا کاتژمێری 8 و 30 خولەکی شەوی 15 ی تەمموز لە بارەگای فەرماندەیی سوپا مایەوە و تەنیا 20 خولەک پێش هێرشی سەر ئەو بارەگایە چووە دەرەوە و بەم شێوازە ڕزگای بوو. ڕۆژنامەی حوڕییەت ڕایگەیاندووە کە فیدان لە بەرواری 7 ی شوباتی 2012 لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لە لایەن گرووپی گویلەنەوە ڕزگاری بووە./.