کاتێک ئێران باس لە هاوپەیمانی نوێی ناوچەیی بە بێ بوونی وڵاتانی بێگانە دەکات، ئیمارات لە هەنگاوێکی گرنگدا کشانەوەی خۆیی لە هاوپەیمانی دەریایی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند و بەم هەنگاوەش پاش بڵاوبوونەوە و ئاشکرابوونی ڕۆڵی تێکدەرانی هاوپەیمانییەکەی ئەمریکا و بەردەوامیدانی بە ناکۆکی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، هەڵگری ئەو پەیامەیە کە کاتی متمانەی وڵاتانی ناوچەکە بەم هاوپەیمانییە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی ئاسایش بە کۆتایی گەیشتووە.
وڵاتانی ناوچەکە بەو ڕاستی و ئەنجامە گەیشتوون کە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری خۆیان و ناوچەکە تەنیا ڕێگاچارە هاوکاری هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکەیە و ئەمەش پێویستی بە دەرکردنی سەرجەم ئەو هێزانەیە کە بوونیان لە ناوچەکە نایاساییە و هیچ پاساوێکی نییە و تەنیا دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئابوریی ئەم وڵاتانە و لەناوچوونی دەرفەتی پێشکەوتن لە بوارە جیاجیاکانی ئابوری، بازرگانی، زانستی و سیاسی.
ڕێکەوتن و نزیکایەتی ئێران و سعوودیە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ئەم کرانەوە گەورەیەی نێوان وڵاتانی ناوچەکەیە بە دوور لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی و بە جۆرێک لە زۆربەی دۆسیەکانی ناوچەکەش کاریگەری ئەرێنی دادەنێت و ئاسۆیەکی ڕوونی خستووەتە بەردەم پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بە دوور لە شەڕ و پێکدادان و ئەو قەیرانانەی کە هۆکاری سەرەکی زۆربەشیان ئەمریکا و دەستێوەردانەکانی ئەو وڵاتەیە.
خاڵی گرنگ ئەوەی کە ئەمریکا پاش لاوازبوونی ڕۆڵی خۆی لە ناوچەکە و بوونی بە هۆکاری ناسەقامگیری، هەوڵیداوە هۆکارەکانی کشانەوەی ئیمارات لە هاوپەیمانی دەریایی خۆی شرۆڤە ڤکات، بە شێوازێک کە ڕۆژنامی ۆڵ ستریت ژوورناڵ لە سەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە ” ئیمارات لە وەڵامنەدانەوەی ئەمریکا بە ڕاگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە لایەن ئێرانەوە لە ناوچەکە بێهیوا بووە ” لە کاتێکدا کە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە سەر ئەم پرسە ڕوون و ئاشکرا بووە.
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتدا هاتووە ” ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی پابەندی وتووێژ و هەنگاوی ئاشتیخوازانە و دیپلۆماسییە وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پاش هەڵسەنگاندنی بەردەوامی هاوکارییە ئەمنییەکان لە گەڵ هاوبەشەکانی دیکە، لە دوو مانگ بەر لە ئێستاوە وازی لە بەشداری لە هاوپەیمانی دەریایی هێناوە “.
ئەمریکا بەناچار دەبێت ناوچەکە بە جێ بێڵێت و دەبێت ئەرکی جێگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە ڕادەستی وڵاتانی ناوچەکە بکات، لە بەر ئەوەی کە ئەم وڵاتانە بۆ ئیدارەدانی کاروباری خۆیان لاواز نین و پێویستیان بە سەرپەرشتیار و پارێزەر نییە و هاوپەیمانی نوێ لە ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی پێک دەهێندرێت و ئەم هاوپەیمانییانەش بۆ پێکهێنان چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ناکەن./.