بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی 34 ەمین ساڵیادی کۆچی دوایی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بە ئاماژە بە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە لاوازبوونی ڕژێمی کاتی و داگیرکاری زایۆنیستی لە ناوچەکە، وتی: دۆخی ڕژێمی زایۆنیستی وەک بەرهەمی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە ماوەی 70 ساڵی ڕابردوو هیچ کات وەک ئێستا تووشی قەیرانە جیاجیاکان نەبووەتەوەو و تەنانەت ئەم لاوازییەش وایکردووە کە کاربەدەستان و سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە دان بەوەدا بنێن کە بەرەو هەڵوەشانەوە و ڕووخان دەڕوات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە کە شۆڕشی ئیسلامی سەرەڕای دوژمنایەتی و پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، بووەتە هێزێکی گەورەی ناوچەکە و بەرهەمی ئەم شۆڕشەش لە ناوچەکە و جیهان دەبینرێت.
ناوبراو وتی: بەردەوام ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە هەر وڵاتێک بیەوێت لە گەڵ ئێمەدا پەیوەندیی هەبێت، ئامادەی هاوکاری دەبین، بەڵام ئەوانەی کە بیانەوێت لە بەرامبەر ئێمەدا ڕاوەستن، ئێمەش خۆڕاگری دەکەین، ئیمام خومەینی (رە) خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمنانیان بە ئێمە فێر کردووە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەمڕۆ خۆڕاگری بووەتە دەستەواژەیەکی ناسراوی سیاسی لە جیهان و بووەتە ڕێگای بەهێزبوون لە بەرامبەر دوژمنان.
ناوبراو بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە وتی کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران قسەی یەکەم لە ناوچەکە دەکات و ئەمەش بۆ بەهێزبوونی وڵات لە بواری پیشەسازی سەربازی و وەبەرهێنان دەگەڕێتەوە./.