بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی 34 ەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە)، وتیان: ئیمام سێ گۆڕانکاری گەورەیان کرد، یەکێک لە ئاستی وڵات، یەکێک لە ئاستی جیهانی ئیسلام و ئەو دیکەش لە ئاستی جیهان، ئەم سێ گۆڕانکارییە بێ وێنە بووە، ڕەنگە لە داهاتووشدا کەس نەتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە دووبارە مسۆگەر ببێتەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: ئیمام دەسەڵاتێکی نائیسلامیی لە گۆڕەپانەکە کردە دەرەوە، دیکتاتۆریەتی بە ئازادی، بێ شووناسیی بە متمانە بۆ خۆبوون، چاوەڕێی بێگانەبوونیشی بە ئێمە دەتوانین گۆڕی، ئەمانەش ئەو گۆڕانکارییە گەورانەن کە شۆڕشی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی ئیمام خومەینی (رە) مسۆگەری کردووە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان کە وڵات چەندین کێشەی هەیە بەڵام بە ورە و بڕوا بە خۆبوون و ئێمە دەتوانین، چارەسەر دەبن.
بەڕێزیان وتیان: لە ئاستی جیهانی ئیسلام، ئیمام بێداری ئیسلامییان لەم ئاستەدا خوڵقاندووە، ئەمڕۆ جیهانی ئیسلام بەراورد بە پێش شۆڕشی ئیسلامی جموجوڵی زیاتری هەیە، هەرچەندە کە پێویستی بە جموجوڵی زیاترە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: پرسی فەڵەستین بڕیار بوو لەبیر بکرێت بەڵام ئیمام خومەینی (رە) ئەو پرسەی کردە پرسی سەرەکی و یەکەمی موسڵمانان و جیهانی ئیسلام، ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی قودس لە سەر ئاستی جیهان بەرز ڕادەگیرێت نەک تەنیا لە وڵاتانی ئیسلامی.
بەڕێزیان وتیان: ئیمام هیچ کات بێهیوا نەبوون، ئەوەش لە وتار و کردەوەی بەڕێزیان هەموو کات بەدی دەکرا، ئیمام خۆیان ئەوەیان فەرمووە کە لە ماوەی ساڵانی خەبات و خۆڕاگری تا سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی هیچ بێهیوا نەبووە، ئەم هیوای ئیمامە بۆ ئیمان و بڕوای ئەوان دەگەڕایەوە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئێمە دەبێت ئەو سێ گۆڕانکارییەی کە ئیمام بەدیهێناوە، بپارێزین، هەرچەندە هەلومەرج و ئامرازەکانی گەیشتن بەو ئامانجە گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە بەڵام ئەوەی کە تووشی گۆڕانکاری نەبووە، جەمسەربەندییەکانە.
بەڕێزیان وتیان: بەرەی دوژمن، بەرەی ستەمکاری و زۆربێژی لە جیهاندا گۆڕانکاریی بە سەردا نەهاتووە و لە بەرامبەر ئێران ڕیزیان بەستووە، ناکرێت ئەم جەمسەربەندییانە لە بیر بکرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: دوژمنایەتی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە بەرامبەر گەلی ئێران بە پاشەکشەی تەکتیکی لە ناو ناچێت، دوژمنان بە پاشەکشەی ئێمە ڕازی نابن ئەوان دەیانەوێت ئێران بۆ سەردەمی پێش شۆڕشی ئیسلامی بگەڕێننەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: دوژمنان تا ئێستا لە زۆربەی هەوڵەکانیان دژ بە ئێرانی ئیسلامی شکستیان هێناوە، دوایین هەوڵی ئەوانیش ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ڕابردوو بووە کە بە هەموو شێوازێکی دارایی، میدیایی و …. پاڵپشتییان لە تێکدەران و ئاژاوەگێڕان دەکرد.
بەڕێزیان لە کۆتاییدا وتیان: پیلانەکەی ئەوان وەها بوو کە وایان دەزانی کاری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی هاتووە، ئەو گەمژانە دیسانەوە هەڵەیان کرد، دیسانەوە کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێرانیان نەناسیوە، گەلی ئێران گرنگیی بەوان نەدا، گەنجانی بەتوانا دیسانەوە پیلانی دوژمنانیان لە گۆڕ نا و شکستیان بەوان هێنا./.