14 ی جۆرزەردانی 1368 ی کۆچی هەتاوی، ڕۆژی کۆچی دوایی دامەزرێنەر و ڕابەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە، 34 ساڵ پاش ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە، هێشتا ناوی ئیمامی گەورەی ئێرانییەکان بە زیندوویی ماوەتەوە و ڕووناکی دەبەخشێتە ڕێگای شۆڕش و بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی جیهان بە تایبەت لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا.
ئێرانییەکان و دۆستان و لایەنگرانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەک چۆن 22 ی ڕێبەندان ساڵیادی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە بەرز ڕادەگرن، بە گرنگییەوە لە 14 ی جۆزەردانیش دەڕوانن، ئەو ڕۆژەی کە ڕابەرە گەورەکەیان کۆچی دوایی کرد بەڵام ڕێبازەکەی بە زیندوویی ماوەتەوە و گەشەی زیاتری کردووە و ناوی ئێران و کۆماری ئیسلامی بووەتە ناوێک کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و دوژمنانی دیکەی موسڵمانان دەهێنێتە لەرزین.
14 ی جۆزەردان بە واتای زیندوو هێشتنەوەی شۆڕشی ئیسلامییە، بە واتای ئەوەی کە گەنجان و جیلی ئەمڕۆی ئێران ئەمەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە و بتوانن لە گەورەیی شۆڕشی ئیسلامی و ڕابەرایەتی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) و حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی تێبگەن.
دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە خەونی ئەوەدا بوون کە بە کۆچی دوایی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) شۆڕشی ئیسلامی لاواز دەبێت و هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام یارمەتی خودای گەورە بووە هۆی ئەوەی کە ئەم شۆڕشە بەهێزەوە بمێنێتەوە و ئێستا وەک هێزێکی گەورەی ناوچەکە، ئەمریکا و زایۆنیستەکانی ڕوبەڕوی کێشەی جیدی کردووەتەوە، ئەمەش زیاتر بۆ ڕابەرایەتی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی و ئامادەبوونی خەڵکی بەشەرەفی ئێران لە گۆڕەپانە جیاجیاکاندا دەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ لە 34 ەمین ساڵیادی کۆچی دوایی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە)، کاریگەری ڕابەرایەتی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی و بەهێزبوونی ئێرانی ئیسلامی لە بوارە جیاجیاکاندا دەبینرێت.
دۆستان و تەنانەت نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دانیان بە ڕۆڵی کاریگەری حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە بەرەوپێشچوونی شۆڕشی ئیسلامی و ڕزگارکردنی وڵات لە قەیرانەکاندا ناوە و لە ڕوانگەی خەڵکی ئێرانیشەوە بەڕێزیان ڕابەرێکی ووشیار، زانا و ئەو کەسەن کە ئێرانیان لە ناوچەکە و جیهان کردووەتە هێزێکی گەورە و کاریگەر./.