بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” البیان ” ی ئیمارات ڕایگەیاند کە هەنگاوەکەی کۆمکاری عەرەبی بۆ گەڕانەوەی سوریا، وای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بە جیدی هەوڵی کۆتایی هێنان بە قەیرانی 12 ساڵەی سوریا بدات.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە ڕەوتی کرانەوەی پەیوەندییەکان بە ڕووی سوریا لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە دەستیپێکردووە.
البیان ڕایگەیاندووە کە کۆمکاری عەرەبی کۆمیتەیەکی بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لە گەڵ سوریا پێکهێناوە و ئامادەبوونی بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەی لوتکەی جەدەش پیشاندەری ئەوەیە کە دەیانەوێت لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان قەیرانی سوریا بەرەو چارەسەربردن ببرێت.
ڕۆژنامە ئیماراتییەکە ڕایگەیاندووە کە گرووپێکی وڵاتانی عەرەبی هەوڵ دەدەن ڕەزامەندی وڵاتانی ئەورووپی بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ سوریا بە دەست بێنن بەڵام ئەم سیاسەتە پێویستی بە میکانیزمی هەنگاو بە هەنگاو هەیە کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی جەدە ڕێکەوتنی لە سەر کراوە./.