بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، باربارا لیڤ لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ” الحرە ” وتی کە ئەمریکا و عێراق سەرقاڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیانن لە بوارەکانی وەک زانستی، ڕۆشنبیری، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، ئاسایشی خۆراک و ئاو.
ناوبراو وتی کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە گەڵ عێراق لە پێناو هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری، پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە و بۆچوونەکانی هەر دوو وڵات سەبارەت بە خاڵە هاوبەشەکان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە بیست ساڵی ڕابردوو لێک نزیک بووەتەوە.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا وتی کە چەندین کێشەش هەیە کە دەبینرێن، وەک گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کەمبوونی ئاو و بە بیابانبوون کە کۆمەڵگا و کەرتی کشتووکاڵ کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو کێشانەوە.
لیڤ لە درێژەدا وتی کە ئێمە دەزانین دەرفەتی گەورەشمان لە پێشەوە و عێراق لە ڕووی وزە و سەرچاوە مرۆییەکانەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندە.
وتیشی کە دەمانەوێت بەشێک لە داهاتووی عێراق بین و ئەمەش هەمان شتە کە گەنجانی عێراقی دەیانەوێت./.