بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب نەژاد بە ئاماژە بەوەی کە لە ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی وەک ئامانجێک دیاریکراوە کە ژمارەی ڕاوێژکارە بازرگانییەکان بگەنە 30 کەس، وتی: ڕاوێژکاری بازرگانیی ئێران لە وڵاتی ئیمارات لە هەفتەی داهاتوودا لەو وڵاتە جێگیر دەبێت، هەروەها دوو ڕاوێژکاریش بۆ برازیل و ئۆزبەکستان لە زووترین کاتدا دەست بە چالاکی دەکەن.
ناوبراو وتی: هەوڵ دەدەین لە مانگەکانی داهاتوودا ڕاوێژکارانی بازرگانیی ئێران لە ئەندونیزیا، هەرێمی کوردستانی عێراق، شانگهای چین، نایجڕیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا بە تایبەت پۆڵەندا و سربیا جێگیر ببن. هەروەها بە نیازین کە ڕاوێژکاری بازرگانیی ئێران بچێتە وڵاتی سعوودیە.
بەرپرسی فەرمانگەی ڕاوێژکاران و ناوەندەکانی بازرگانی لە ڕێکخراوی گەشەی بازرگانیی ئێران وتی: تا کۆتایی کابینەی دوانزەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا دوو ڕاوێژکاری بازرگانی لە ئەفغانستان و عێراق هەبووە بەڵام لە سەرەتای کابینەی سێزدەیەم گەیشتووەتە 17 ڕاوێژکار و ژمارەی ئەوانیش بەرزتر دەبێتەوە.
ناوبراو وتی: ناردنی ڕاوێژکاری بازرگانی بۆ وڵاتانی ئەورووپی بە هۆی سزاکانەوە کێشەی هەیە بەڵام ئێمە گرنگی بە بوونی ڕاوێژکارانی بازرگانیی ئێران لە وڵاتانی دۆست و دراوسێ دەدەین.
ڕەجەب نەژاد وتی کە لە ئێستادا 40 ناوەندی بازرگانیی ئێران لە دەرەوەی وڵات چالاکی دەکەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا 2 ناوەندی دیکەش دەست بەکار دەبن.
وتیشی کە ئەو ناوەندانە بە موڵەتی ڕێکخراوی گەشەی بازرگانیی ئێران لە لایەن کەرتی تایبەتەوە دەکرێنەوە و هەوڵ دەدرێت لە وڵاتانی ئامانجی گەشەی بازرگانیی ئێران، ئەو ناوەندانە بکرێنەوە و هاوکاری هەناردەکاران و بازرگانان بکەن.
بەرپرسی فەرمانگەی ڕاوێژکاران و ناوەندەکانی بازرگانی لە ڕێکخراوی گەشەی بازرگانیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئەو ناوەندانە لە 2 ناوەندەوە لە کۆتایی کابینەی پێشوو گەیشتووەتە 40 ناوەندی ئێستا، وتی: لە ئێستادا لە عێراق 5 ناوەند، لە ڕووسیا 5 ناوەند، لە سوریا 3 ناوەند و لە کیشوەری ئەفریقاش 8 ناوەند هەیە. هەروەها ئەو ناوەندانە لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئۆزبەکستان، پۆڵەندا، ئیمارات و …. چالاکی دەکەن./.