بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد وەحیدی لە کۆبوونەوەی پارێزگارانی پارێزگا سنورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە شاری ورمێ، وتی: ئێمە لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکانی وەک بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سەدام، شەڕی دژ بە داعش و هاوکارییەکانی ئێستا، پەیوەندیمان هەبووە و ئەمڕۆش پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باڵا و بەهێز بەردەوامە.
ناوبراو وتی: ئێمە هیچ کات پەیوەندییەکانمان بە پێی بەرژەوەندییە ئابورییەکان دانەڕشتووە بەڵکوو بە پێی بەرژەوەندی ستراتیژی و بەرژەوەندی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
وەحیدی وتی: دوژمنان بە تایبەت ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ئەم برایەتی و هاوکارییەی نێوان ئێمەیان ناوێت بەڵام ئەمڕۆ سەرەڕای خواستی ئەوان، خەڵکی هەر دوو وڵات پێکەوەن.
وەزیری ناوخۆی ئێران وتی: پەیامی ئەم کۆبوونەوە ئەوەیە کە دوژمنان لە ناکۆکی خستنە ناو دانیشتووانی هەر دوو دیوی سنورەکان شکستیان هێناوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە زیاترکردنی دەسەڵاتی پارێزگارانی پارێزگا سنورییەکان، وتی: کردنەوەی شارۆچکەی پیشەسازی و سەرمایەگوزاری هاوبەش دوو بابەتی گرنگە کە یارمەتیدەری گەشەی پەیوەندییەکان دەبێت.
وەحیدی وتی کە سنورەکانی ئێمە لە گەڵ هەرێمی کوردستان، سنوری دۆستایەتییە و پەیوەندییەکانمان زیاترە لە پەیوەندییەکی دراوسێتی.
وەزیری ناوخۆی ئێران سوپاسی هاوکارییەکانی ساڵی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) و وتی: ڕێوڕەسمی ئەربەعین کارنامەیەکی نوێی هێنایە پێشەوە کە هیوادارین ئەمساڵیش کەڵک لەم دەفرایەتییە گەورەیە وەربگرین./.