بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمریکا دەیەوێت بوونی خۆی لە لوبنان لە ڕێگای باڵیۆزخانەیەکی 93 هەزار مەتری چوارگۆشەیی کە لە زەوییەک بە ڕوبەری 27 هێکتاری لە شارۆچکەی ئاوکار لە بواری درووستکردندایە، بپارێزێت.
بۆ درووستکردنی ئەو کۆمەڵەیە یەک ملیار دۆلار بودجە تەرخان کراوە و دەبێتە ناوەندی ناوچەیی ئەمریکا بۆ کاروباری هەواڵگری.
بە هۆی نزیکبوونی لوبنان لە سوریا، بەیروت دەبێتە ناوچەیەکی پارێزراو و ستراتیژی بۆ جێگیرکردنی ئەفسەرە هەواڵگرییەکانی ئێستای ئەمریکا لە ناوچەکە و هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە لە ئاژانسە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتەوە سەردانی ناوچەکە دەکەن.
واشنتن دەیەوێت لەو ڕێگایەوە سیخوڕی بە سەر حیزبوڵڵای لوبنانەوە بکات، بۆ ئەم مەبەستەش کەڵک لە یەکەی سەربازی هێزە چەکدارەکانی لوبنان ناسراو بە B2 وەردەگرێت کە لە کانوونی یەکەمی 2022 بڕی 60 ملیۆن دۆلار هاوکاری دارایی لە ئەمریکییەکان وەرگرتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونی باڵیۆزخانەیەکی گەورەی وەها و کار و چالاکییەکانی لە داهاتوودا، ڕوبەڕوی پرسیار بووەتەوە. لە لوبنان دەوترێت کە ئەوە باڵیۆزخانە نییە و بنکەیەکی سەربازی و هەواڵگرییە.
ژمارەیەکی زۆر لە لوبنانییەکان داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کردووە کە هۆکاری قبووڵکردن و ئاسانکاری بۆ درووستکردنی ئەم پرۆژەیەی ئەمریکییەکان ڕوون بکاتەوە./.