بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕزوانی فەڕ جێگری وەزیری ئابوری و سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران ڕایگەیاند: لە کۆی گشتی بازرگانیی دەرەکی وڵات لە دوو مانگی سەرەتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی، 21 ملیۆن تەن بە بەهای 7 ملیار و 513 ملیۆن دۆلار هەناردەی کاڵای نانەوتی و 4 ملیۆن و 732 هەزار تەن بە بەهای 7 ملیار و 941 ملیۆن دۆلاریش پەیوەندی بە هاوردەوە هەبووە.
ناوبراو سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی هەناردە و هاوردە لە 2 مانگەی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی، وتی: هەناردە لەم دوو مانگەدا لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 12.26 بەرزبوونەوەی هەبووە بەڵام لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 13.72 دابەزینی هەبووە و هاوردەش لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 8.70 و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 4.79 دابەزینی هەبووە.
بە وتەی جێگری وەزیری ئابوری ئێران و سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئەم وڵاتە، چین، عێراق، تورکیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هیندستان 5 وڵاتی یەکەمی ئامانجی هەناردەی کاڵای ئێرانی بووە کە ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ ئەو وڵاتانەش بریتی بووە لە: 2 ملیار و 418 ملیۆن دۆلار بۆ چین، یەک ملیار و 228 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق، 835 ملیۆن دۆلار بۆ تورکیا، 749 ملیۆن دۆلار بۆ ئیمارات و 331 ملیۆن دۆلار بۆ هیندستان.
ڕزوانی فەڕ وتی: 5 وڵاتی یەکەمی هەناردەکاریش بۆ ئێران کە کاڵای پێویست لەو وڵاتانەوە هاوردە کراوە، بریتین لە: چین بە بڕی 2 ملیار و 396 ملیۆن دۆلار، ئیمارات بە بڕی 2 ملیار و 313 ملیۆن دۆلار، تورکیا 903 ملیۆن دۆلار، ئەڵمانیا بە بڕی 288 ملیۆن دۆلار و ڕووسیا بە بڕی 269 ملیۆن دۆلار.
جێگری وەزیری ئابوری ئێران سەبارەت بە ڕێژەی ترانزێتی کاڵا لە ڕێگای ئەم وڵاتەوە لە دوو مانگی سەرەتایی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی وتی: لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا 2 ملیۆن و 326 هەزار تەن کاڵا لە ڕێگای ئێرانەوە ترانزێت کراوە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 5.38 دابەزینی هەبووە./.