بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەخۆشییەکە لە ڕێگای ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1944 لە شەڕی جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، لە سەدا 40 ی ئەو کەسانەی تووشی دەبن، ڕوبەڕوی مەرگ دەبنەوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە لە ڕێگای گەنەوە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە بەڵام نیشانەکانی لە سەر ئاژەڵەکە دیار نین.
هۆکارەکانی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ:
ئەگەر ئەو گەنەیە هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت و بە مرۆڤەکەوە بدات، ئەوا مرۆڤەکە تووشی تای خوێنبەربوون دەبێت، یان مرۆڤ گەنەکە بگرێت و بیکوژێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.
لە ڕێگای سەربڕینی ئاژەڵی تووشبووەوە، کاتێک خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، لە بەروبومەکەشیدا هەیە، بەڵام ئەگەر شیرەکە بکوڵێنرێت ئەوا هیچ ڤایرۆسێکی تێدا نامێنێت، هاوکات گۆشتیش بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە چییە؟
لە 3 تا 7 ڕۆژدا نیشانەکانی دەردەکەون و نەخۆشییەکە تایەکی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بە تایبەت ئازار لە پشت و ملی درووست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی سکچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەکانی کۆتاییدا خوێنبەربوون دەست پێدەکات.
نەخۆشەکە لە دەم و لوتیەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشتیشی پەڵەیەکی خوێنبەربوون دەردەکەوێت، لەو کاتەشدا دەبێت چارەسەر بکرێت.
چارەسەری ئەم نەخۆشییە چییە؟
هەموو تایەک و خوێنبەربوونێک نەخۆشییەکە نییە بەڵام بێگومان ئەگەر کەسەکە دەستکاری ئاژەڵی کردبێت یان ئاژەڵی سەر بڕیبێت، یان تێکەڵیی لە گەڵ ئاژەڵدا هەبێت، یان لە جێگایەکدا بووبێت ئەو ڤایرۆسەی تێدابێت، گومان دەکرێت، هەر بۆیە دەبێت پشکنینی خوێنی بۆ بکرێت.
پێویستە لە نەخۆشخانە لە نەخۆشەکانی دیکە جیا بکرێتەوە، لە بەر ئەوەی کە زۆر جار پاشەڕۆکەی دەبێتە هۆی تووشبوونی نەخۆشی دیکە، هاوکات بە گوێرەی نیشانەکانی چارەسەر دەکرێت، تای هەبوو دەرمانی تای پێ دەدرێت، خوێنی کەم بوو خوێنی تێدەکرێت، یان سکچوون و ڕشانەوەی هەبوو دەرمانی تایبەت بەوانەی پێدەدرێت، لە گەڵ دەرمانی دیکەی دژە ڤایرۆس.
نەخۆشەکە ئەگەری مردنی هەیە بە ڕێژەی لە سەدا 30 تا 40، لە سەدا 70 ئەگەری چاکبوونەوە هەیە، ئەگەر زووش دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکرێت و چارەسەر بکرێت، ئەگەری چارەسەر و چاکبوونەوەی ئاسانە.
ڕێگاکانی خۆپاراستن:
دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەر شەقامەکان بە نایاسایی.
ئەو کەسانە گۆشت فرۆشن دەبێت سەرجەم ڕێنماییە پزیشکییەکان پەیرەو بکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوکات بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێرو، بۆ ئەوەی نزیک نەبنەوە لە ئاژەڵەکان، ئەو کەسانەش سەردانیان دەکەن بە مەبەستی کڕین دەبێت بە ئاگا بن.
نەچوونی مرۆڤ بۆ ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێرووەکانی لێیە./.