بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە ڕۆژنامەی الوطن یان ڕاگەیاندووە کە وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە شەممەی داهاتوو 3 ی حوزەیران سەردانی عێراق دەکات.
سەردانەکەی فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ بەغدا لە سەر بانگهێشتی فەرمی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت و لە گەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی ئەم وڵاتەش کۆدەبێتەوە.
لە کاتی قەیرانی سوریاوە لە ساڵی 2011 ئەمە سێهەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە بۆ عێراق دەبێت. پێشتر لە ساڵانی 2013 و 2016 وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی کۆچکردووەی سوریا سەردانی عێراقی کردبوو.
سەردانەکەی فەیسەڵ مێقداد بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە قەیرانی سوریا لە کۆتایی خۆی نزیک بووەتەوە و کورسییەکەشی لە کۆمکاری عەرەبی وەرگرتووەتەوە. ئەم سەردانە لە پاش ویستی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ سوریا دەبێت./.