بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی بەدری عێراق بڕیارەکەی حکومەتی ئەردەنی بۆ چالاککردنەوەی حیزبی بەعس لەو وڵاتە ئیدانە کرد و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە گەلی عێراق لە بەرامبەر ئەم بڕیارە دوژمناکارانە توڕەن.
ڕێکخراوی بەدر ڕایگەیاندووە کە ئەوانەی کە پاڵپشتییان لە بڕیارەکە کردووە، خۆپێشاندانیان کرد و لە دژی گەل و حکومەتی عێراق درووشمیان بەرز کردەوە و هەڕەشەی ئەوەشیان کرد کە حیزبی بەعس و سەرکردەکانی بۆ عێراق دەگەڕێنەوە.
ڕێکخراوی بەدر جەختیکردووەتەوە کە بڕیارەکەی حکومەتی ئەردەن، بێڕێزییە بە دەستووری عێراق کە هەر چالاکی و بانگەشەیەکی بەعسی قەدەغە کردووە، بەدەر لەمەش ئەردەن ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی بەعسی شوێن کردووەتەوە کە لە ڕوانگەی دەزگای دادی عێراقەوە تاوانبارن.
ڕێکخراوی بەدر داوای لە حکومەتی ئەردەن کردووە کە لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە و بە هەنگاوێکی دوژمنکارانە ناوی بردووە کە سیستەمی سیاسی و ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی عێراقی کردووەتە ئامانج و لە ئەگەری بەردەوامبوونی، هاوبەشی نێوان بەغدا و ئەمان دەکەوێتە مەترسییەوە.
ڕێکخراوی بەدر لە کۆتاییدا جەختیکردووەتەوە کە گەلی عێراق بەرگری لە وڵات، حکومەت و ئاسایشی خۆیان دەکەن و بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر دوژمنان و لایەنگرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئەوان سەرکەوتن بە دەست دێنن./.