بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیە رایگەیاند: محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، وێستگەی گۆڕینی ڤۆڵتیەی بەرزی بۆ وزەی كارەبا كردەوە، لە هەردوو وێستگەی قودس و ڕەشید، كە تایبەتە بە چارەسەركردنی ڤۆڵتیەی نزم و لابردنی لۆد لەسەر تۆڕی كارەبا، بەمەش ئامێرەكان لەو ناوچانە زیاد دەكات كە خزمەتگوزارییەكەی باكوری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوای بەغدای پایتەخت دەگرێتەوە
ئاماژەی بەوەشكرد: سەرۆك وەزیران ئەولەویەت و گرنگییەكی زۆر بە مەلەفی كارەبا دەدات و سەرپەرشتی دەكات لەگەڵ بەدواداچوونی ڕۆژانە و مەیدانی.
موسا سەبارەت بە كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی كارەبا، ڕوونیكردەوە: هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ وەستانی تەواوەتی دابینكردنی غازی ئێران بۆ ناوچەی باشوور بە بڕی 10 ملیۆن مەتر سێجا، وەك وێستگەی غاز و وەبەرهێنانی ڕومەیلە و وێستگەی غازی نەجەف و وەستانی وێستگەی خور زوبێر لە بەسرە .
رونیشیكردەوە: سەرمان سوڕما لە ڕاگرتنی دابینكردنی غازی ئێران بۆ ناوچەی ناوەڕاست، هەروەها بە بڕی 10 ملیۆن مەتر سێجا، واتە ڕاگرتنی 20 ملیۆن مەتر سێجا لە ناوەند و باشوور، ئەمەش بەرهەمهێنانی 5 هەزار مێگاوات كەمیكردەوە، جگە لە وەستاندنی هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا لە ئێران، میرساد-دیالە، بەسرە-خرمنشاه، و عەمارە-كرخە، كۆی بەرهەمهێنانیان 1100 مێگاواتە، ئەمەش بە واتای كەمبوونەوەی كۆی گشتی زیاتر لە 6 هەزار مێگاواتە، لەكاتێكدا لە ئێستادا كۆی بەرهەمهێنان 20 هەزار مێگاواتە.
جەختیشی كردەوە: هۆكاری وەستانی قەرزەكانی غازی ئێرانیە، كە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر تاران ئەستەمە لە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە خەرج بكرێت، هەروەها بەدواداچوونی حكومەت و هەنگاوی دیپلۆماسی هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كۆتایی بۆ ئەو كێشە.