بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی شارەزا لە کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە سەردانەکەی سوڵتان هەیسەم بن تارق بۆ تاران و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی گرنگییەکی زۆری لە سیاسەتی دەرەوەدا بە وڵاتانی دراوسێ داوە، لەم چوارچێوەدا سەبارەت بە سەردانەکەی سوڵتانی عۆمان دەتوانین بڵێین کە سەردانەکە لە ڕووی ئابورییەوە گرنگە، لە بەر ئەوەی کە هەر دوو وڵات لە ڕووی ئابورییەوە پێویستیان بە یەکتر هەیە. هەر دوو وڵاتی ئێران و عۆمان لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی پەرەیان بە پەیوەندییەکانیان داوە، عۆمان هێڵی ناوەڕاستی لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس پەیرەو کردووە، لەو سەردەمەدا ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس پاڵپشتی سەدامی لە دژی ئێران دەکرد بەڵام عۆمان نەبووە بەشێک لەو سیاسەتە، هەورەها عۆمان پابەندی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاش لە دژی ئێران نەبووە.
سەدرحوسێنی وتی: هەر دوو وڵاتی ئێران و عۆمان ئیرادەیان بۆ پێکەوەبوون و هاوسەنگی لە ناوچەکەدا هەیە.
ناوبراو وتی: ئەم سەردانە پیشاندەری ئیرادەی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ گرنگیدان بە وڵاتانی دراوسێ، هەروەها پیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی بە بەهێزبوونی ناوچەکە دەدات و دەیەوێت ناوچەکە لە سەر ئاستی جیهان و لە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا ڕۆڵی بەهێزی هەبێت.
ئەو شارەزایەی کاروباری ناوچەکە هەروەها وتی: لە سەردانەکەی سوڵتان هەیسەم بن تارق بۆ تاران 4 ڕێکەوتنی هاوکاری واژۆ کراوە کە دەتوانێت لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و نزیکبووەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت لە بواری ئابوریدا کاریگەرییەکی زۆری هەبێت./.