بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتییەکەی تورکیا بۆ پارتی داد و گەشەپێدان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەسکەوتێکی گەورە بوو، لە بەر ئەوەی کە لە سەدا 52 ی دەنگەکانی بە دەست هێنا و بۆ سێهەم جار بووە سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەویش لە سیستەمێکی سیاسی و جێبەجێکاری بە ناوی سەرۆکایەتی کە تێیدا سەرۆک کۆمار دەسەڵاتێکی ڕەهای بێ چاودێریی هەیە و بە کەس وەڵامدەرەوە نابێت.
سەرەڕای ئەوەی کە نەیاران و ڕەخنەگرانی ئەردۆغان بەڵێنی ئەوەیان دابوو کە لە پاش گەیشتن بە دەسەڵات، سیستەمی سەرۆکایەتی هەڵدەوەشێننەوە، بەڵام ئەو ئامانجەیان مسۆگەر نەبوو و تورکیا بەردەوام بە سیستەمی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەبرێت و ئەردۆغان بەدەر لە بڕیارە هەستیارەکانی تایبەت بە حکومڕانی و سیاسەتی ناوخۆیی، لە بواری سیاسەتی دەرەوەش قسەی یەکەم و کۆتایی دەکات.
بە پێی ئەوەی کە ئەردۆغان بۆ 5 ساڵی دیکە دەسەڵاتی تورکیای بە دەستەوەیە، هەمووان دەیانەوێت بزانن کە ئایا گۆڕانکاری و چاکسازی دەکات یان لە سەر هەمان سیاسەت و ڕێگای پێشوو بەردەوام دەبێت.
پرسیارەکە لەو ڕووەوە گرنگە کە تورکیا لە ئێستادا بەدەر لە قەیرانی ئابوری، ڕوبەڕوی کێشەی گەورە و بچووکی زۆری ناوخۆییە و شرۆڤەکارانی ئابوری لەو بڕوایەدان کە ئەگەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت، خەڵکی تورکیا تووشی هەلومەرجێکی دژوار دەبنەوە.
خەڵک دەنگیان بە چی داوە؟
یەکێک لە خوێندنەوە درووستەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەوەیە کە لە سەدا 52 ی دەنگدەران ئامادە نەبوون دەنگ بە پلانە چاکسازییەکانی نەیاران بدەن و بەو ئەنجامە گەیشتن کە لە درێژەی ڕێگاکەشدا لە گەڵ ئەردۆغان بن. بە واتایەکی دیکە گوشاری ئەوە لە سەر ئەردۆغان و تیمەکەی نییە کە گۆڕانکارییەکی گشتی بکەن. ڕەنگە تەنیا پێویست بەوە بکات کە لە بواری ئابوری و زیاترکردنی مووچە هەندێک گۆڕانکاری بکرێت و لە بواری حکومڕانی نە داواکارییەک لە لایەن لایەنگرانی ئەردۆغانەوە هەبووە و نە ئەردۆغانیش بەڵێنی وەهای داوە.
بە واتایەکی دیکە، لە بواری سیاسەتی دەرەوە، تورکیا لە سەر هەمان دۆخی جاران دەبێت و هۆکارێک بۆ چاکسازییەکی بەربڵاو نابینرێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان و هاوبەشەکەی لە هاوپەیمانی کۆمار بە ناوی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوە پەرەستی تورکیا هێندە جەختیان لە سەر بابەتەکانی وەک مانەوەی تورکیا، ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، مەترسییەکانی تیرۆر و دابەشبوون و ووشیاری سەبارەت بە پیلانی سیاسەتمەدارانی سەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردەوە کە خەڵک لە ترسی نەیاران، دیسانەوە دەنگیان بە دەسەڵاتی ئەردۆغان داوە.
لە بواری ئابوری پێشبینی ئەوە ناکرێت ئەردۆغان هەنگاوی گەورەی هەبێت، ڕەنگە بە هاوکارییەکانی قەتەر و ئیمارات بتوانێت بە شێوازێکی کورت ماوە پلانێکی هەبێت بەڵام بۆ داهاتوو کاریگەرییەکی وەهای نابێت.
لە بواری ئەمنی و بەرگریش هێرشەکانی سەر پەکەکە زیاتر دەبن و بانگەشەی گەورەکردنی دەسکەوتەکانی تورکیا وەک سیاسەتێک بەردەوام جێبەجێ دەکرێت.
لە سیاسەتی دەرەوە چی ڕوو دەدات؟
ئەردۆغان بە جیدی سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێگای ئاورێشم و پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز پلانی هەیە و خۆی بۆ گەورەپیشاندانی ڕۆڵی وڵاتانی تورک زمان دەستەواژەی جیهانی تورکی باس کردووە.
بە گشتی ڕووسیا و چین لە ڕیزی یەکەمایەتی سیاسەتی تورکیا دەبن و ئەردۆغان هەوڵ دەدات لەم بوارەدا ئیمتیازی زۆر بە دەست بێنێت. بەڵام سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و واشنتن و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی کڕینی ئێف – 16 لە جۆبایدن، هێشتا دیار نییە چی ڕوو دەدات.
ئەو سیاسەتەی تورکیا بۆ پاڵپشتی لە جیابوونەوەی بەشی تورک نشینی دوورگەی قوبرس، دەبێتە هۆی زیاتربوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا، یۆنان و قوبرس و لە هەمان کاتدا کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەورووپا دەبێت و ئەستەمە بەم زووانە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی هەر دوو لادا ببینرێت.
ئەردۆغان و سوریا
بە دڵنیاییەوە کە بڕیاردان لە سەر دۆسیەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و دیمەشق، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان و تیمی هاوڕێی دەبێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەندامە گرنگەکانی تیمە سیاسی و ئەمنییەکەی (مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵین وتەبێژ و ڕاوێژکاری باڵا)هەمووان هەوڵیان دەدا کە پێش هەڵبژاردنەکان نمایشێکی گەورە لە سەر سوریا ڕوو بدات و گرنگترین بابەتیش لەو کاتەدا کۆبوونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان بوو.
پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵیدەدا کە وێنەی کۆبوونەوەکەی ئەسەد و ئەردۆغان وەک بەڵگەیەک لە گرنگیدانی حکومەت بە پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا نمایش بکات و لە ئاستی ناوخۆ ئیمتیازی هەڵبژاردنەکان وەربگرێت بەڵام بەرپرسانی سوریا بەئەزموونتر لەوە بوون کە بەم ئاسانییە وەها ئیمتیازێک بە تورکیا بدەن. یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانی سوریا ئەوە بوو کە هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە زووترین کاتدا خاکی ئەم وڵاتە بە جێ بێڵن، ئەم داوا ڕەوا و یاساییە، هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە بەڵام بەڵگەکان پیشان دەدات ئێستا ئەردۆغان و تیمەکەی هێندە ئەوە بە پێویست نازانن و ئەستەمە بەم ئاسانییە و لە داهاتوویەکی نزیکدا بیر لە دۆسیەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بکەنەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە وتارەکەی ئەردۆغان لە ئاهەنگی ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی خۆیدا، جۆرێک لە متمانە بە خۆبوون و بچووککردنەوەی ڕکابەرەکان و نەیاران و گەورەپیشاندانی درووشمی سەد ساڵەیی تورکیا بووە. بەڵام ڕاگەیاندنی ناوی ئەندامانی کابینەی نوێی ئەردۆغان لە ڕۆژانی داهاتوودا دەتوانێت بەشێک لە گۆڕانکارییەکان ڕوون بکاتەوە./.