بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەسەدی لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی باڵیۆزی ئەمریکا و زیاتربوونی دەستڕۆیشتوویی ئەو وڵاتە، هۆشداریی دایە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بزوتنەوەی نۆجەبا وتی: محەممەد شیاع سودانی لە هەندێک بابەتی ناوخۆیی سەرکەوتوو بووە و ڕەزامەندی خەڵکی بە دەست هێناوە بەڵام لە کاروباری ستراتیژیدا هێشتا دەسکەوتێکی ئەوتۆی نەبووە.
ئەسەدی وتی: بە داخەوە کە حکومەت هەوڵ دەدات ئەمریکییەکان بە ڕەزامەندی بهێڵێتەوە، تەنانەت بە پاساوی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییەکانی خەڵک، بەرپرسانی ئێمە هێندە لە ئەمریکییەکان دەترسن و وا دەکەن کە لێدوان و کردەوەکانیان ئەمریکییەکان توڕە نەکات.
ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی نۆجەبا وتی: یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی ئێستای عێراق، دەستێوەردانەکانی باڵیۆزی ئەمریکایە کە لە سەرجەم ئیش و کارەکان بە بچووک و گەورەوە دەبینرێت، لە گوشارەکانی سەر پەرلەمان بۆ ئەوەی کە هەڵوێستی لە دژی ڕووسیا و لە بەرژەوەندی ئۆکراینا بێت، تا دەستێوەردان لە کاروباری دارایی و تەنانەت داڕشتنی ڕەشنووسی بودجە. ئەمە عورفی دیپلۆماسی نییە و هیچ باڵیۆزێک وەها مافێکی نییە./.