بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، بەرەبەیانی یەک شەممە 14 ی ئایاری 2023، بە بۆنەی کۆتایی شەڕی 5 رۆژەی کەرتی غەززە و ملکەچبوونی ڕژێمی زایۆنیستی بە ئاگربەست لە گەڵ گرووپەکانی خۆڕاگری، وتارێکی پێشکەش کرد.
نەخالە لەو وتارەدا بە ئاماژە بە کۆتایی گەڕێکی دیکەی ڕوبەڕوبونەوەی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە ناونیشانی ” تۆڵەی ئازادیخوازان “، وتی: لەم گەڕەدا، ئازیزترین ڕۆڵەکان و سەرکردە شەهیدەکانمان لە دەستدا کە بوونیان بۆ بزوتنەوەی جیهاد و کەتیبە بوێرەکانی بایەخێکی زۆری هەبوو و شەهیدبوونی ئەوان ڕووناکی ڕێگای خەباتی ئێمە دەبێت. ئێمە ژمارەیەک لە ئازیزەکانمان بە هۆی مەکینەی تیرۆری ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە دەستدا. ئێمە بە سەربەرزییەوە ماڵئاواییمان لە گەڵ ئەوان کرد.
ناوبراو وتی: گەلی فەڵەستین وەک سەرکردەکان و فەرماندەکانی سەرایا قودس کە گەیشتنە شانازیی شەهیدبوون، یان ئازیزترین سامانی خۆیان بە تایبەت گیان و ڕۆڵەکانیان پێشکەش کرد، هیچ کات تووشی شکست نابن و بەردەوام ئاڵای قودس شەکاوە دەکەن و بۆ ئازادکردنی تێدەکۆشن.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین ڕایگەیاند کە زایۆنیستەکان هەوڵیان دەدا کەرتی غەززە لە خوێنی دانیشتووانەکەیدا نوقم بکەن و وتی: ئەوان دەیانویست خوێنی برایانمان و بنەماڵەکانیان پێشێل بکەن و ئێمە بێدەنگ بین و گیانمان بە سەرشۆڕی و زەڵم بکڕین. داوایان دەکرد کە بە شێوازی ئەوان و لە ژێر پێڵاوی سەربازەکانیان درێژە بە ژیانی خۆمان بدەین، بەڵام تێکۆشەرانی بوێر و ئازای فەڵەستین لە کەتیبە سەرکەوتووەکانی قودس بەرەو ئەوان ڕاپەڕینیان کرد و ڕێگرییان لەوە کرد خوێنی شەهیدەکان پێشێل بکرێت.
زیاد نەخالە بە ئاماژە بەوەی کە گەلی فەڵەستین شەهیدان و زیانێکی مادی زۆری بەرکەوت، بەڵام ئەم دۆخە وەک دەسکەوتێک بووە، وتی: پەیامی گەلی ئێمە دەبێت ئەوە بێت کە وەک 5 ڕۆژی شەڕی ئەم جارە، سەرجەم شارەکانیان لە ژێر ئاگری مووشەکانی سەرایا قودس و خۆڕاگری فەڵەستیندا بووە و هەمووان زایۆنیستەکانیان بینی کە چۆن لە پەناگەکاندا خۆیان حەشار دەدا یان بە ترس و دڵەڕاوکێوە لە ژێر وێستگەی پاسەکاندا خۆیان دەشاردەوە.
ئەو سەرکردە فەڵەستینییە وتی: بە دڵنیاییەوە کە ئەم ڕۆژانە بۆ گەلی فەڵەستین ڕۆژانی سەربەرزی و شانازییە، خۆڕاگری بە هەموو لایەنەکانیەوە بەهێز بوو، هەرچەندە کە سەرایا قودس لە بەرەی پێشەوەی شەڕەکەوە بووە. ئێمە دەرفەتی ئەوەمان لە دوژمن گرت کە لێکمان جیا بکاتەوە و ئەوەمان سەلماند کە هەڵوێستی خۆڕاگری بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و خەباتگێڕانی ئێمە هێشتا لە گۆڕەپانەکەدا ماون و هەموو کات ئامادەی ڕوبەڕوبونەوەی هەر دەسدرێژییەک دەبن.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی: دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەم کە لە گەڵ خۆڕاگری و سەرایا قودس بوون، لە سەروی هەمووانەوە کۆماری ئیسلامی ئێران، حزبوڵڵا و برایانمان لە میسر و قەتەر کە هەوڵی زۆریاندا تا ئێمە دەسدرێژییەکە کۆنتڕۆڵ بکەین./.