بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی یەک شەممە 14 ی ئایاری 2023، بە بۆنەی ساڵڕۆژی ” یوم النکبە ” بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: 14 ی ئایاری 1948، وەبیرهێنەری یەکێک لە تاڵترین کارەساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و دەرکەوتنی شێرپەنجەیەک لە دڵی جیهانی ئیسلام و ناوچەی ستراتیژیی ڕۆژئاوای ئاسیایە. ئەم کارەساتەش درێژترین و خەمناکترین قەیرانی سیاسی مرۆیی سەد ساڵی پێشووی جیهان و هۆکاری سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکی بەربڵاو لە ناوچەکە، داگیرکردنی ڕێکخراوەیی و زاڵمانەی خاکی فەڵەستین، کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان و پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافی مرۆڤی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەم خاکە پیرۆزە لە 75 ساڵی ڕابردوو بووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: لەم کارەساتەدا کە ساڵڕۆژەکەی بە ناوی یوم النکبە ناو نراوە، ڕژێمی ڕەگەزپەرستی زایۆنیستی دامەزرا کە بووە هۆی ئاوارەیی چەندین ملیۆن فەڵەستینی وەک خاوەنی ڕەسەن لە سەر خاکی باب و باپیرانی خۆیان.
مەکینەی تیرۆری ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی لە 75 ساڵی ڕابردوو هیچ کات ڕانەگیراوە
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە کە لە 75 ساڵی ڕابردوو مەکینەی تیرۆری ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی هیچ کات ڕانەگیراوە و کوشتار و کارەساتەکانی وەک دەیریاسین، کەفەرقاسم، سەبرا و شەتیلا و شەهیدکردنی هەزاران فەڵەستینی، لوبنانی و دانیشتووانی وڵاتانی دیکە و هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئەوان، تەنیا بەشێک لە تاوانەکانی ئەو ڕژێمە خوێنڕێژەیە کە بە هۆی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پاڵپشتی ئاشکرا و نهێنی لایەنگرانی ڕژێمی زایۆنیستی کراوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: توندووتیژی و هەڵسووکەوتی دڕندانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرامبەر دیلەکان و بەندکراوانی فەڵەستینی، بێڕێزی و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی موسڵمانان و مەسیحییەکان و نەهێشتنی ئازادی ئائینی دانیشتووانی ئەم خاکە، تیرۆری ڕێکخراوەیی چالاکوانان و خەڵکی ئاسایی فەڵەستین، ڕووخانی خانوو و شوێنی کار و چالاکی ڕۆژانەی ئەوان، پەرەپێدانی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان، بێ بەهاکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان، تەنیا بەشێکی بچوونی کارنامەی ڕەشی 75 ساڵەی ڕژێمی زایۆنیستییە لە پێشێلکردنی بنەما نێودەوڵەتییەکان، مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤدۆستانە وەک سیاسەت و تێڕوانینی نەگۆڕ و هەمیشەیی ئەو ڕژێمە لە چەندین دەیەی ڕابردوو.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە: لە بەرامبەر ئەم هەموو تاوان و کردەوە تیرۆریستییەی ڕژێمی زایۆنیستی و لە سایەی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، گەلی زوڵملێکراو و گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین، بە درووستی ڕێگای ئازادی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆیان لە خۆڕاگری و خەباتدا وەک مافێکی ڕەوا لە بەرامبەر زوڵم و داگیرکاری دەستنیشان کردووە، ئەو خۆڕاگرییەی کە بە هۆی بڕوا بە یارمەتی خودای گەورە و یەکڕیزی گەل، گرووپەکان و تێکۆشەرانی فەڵەستینی لە کەرتی خۆرئاوا، قودس، غەززە و فەڵەستینییەکانی دانیشتووی ناوچە داگیرکراوەکانی 1948، پاش مسۆگەرکردنی دەسکەوت و سەرکەوتنە گەورەکان لە گۆڕەپانەکانی ساڵانی ڕابردوو، وەک شەڕەکانی 22 ڕۆژە، 51 ڕۆژە، شمشێری قودس و …… هاوکێشەکانی گۆڕیوە و ڕژێمی زایۆنیستیی ڕوبەڕوی کێشەیەکی گەورە کردووەتەوە.
ئەمڕۆ خۆڕاگری لە باشترین دۆخ و ڕژێمی زایۆنیستی لە دژوارترین دۆخی 75 ساڵی ڕابردووی خۆیدایە
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ئەمڕۆ خۆڕاگری لە باشترین دۆخ و ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی لاوازبوونی لە بەرامبەر هێزی خۆڕاگری لە لایەکەوە و کەلێن و ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە لایەکی دیکەوە، لە دژوارترین دۆخی 75 ساڵی ڕابردووی خۆیدایە و ڕەوتی لاوازبوون و لەناوچوونی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی خێراتر بووە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە کە بێگومان یەکڕیزی و یەکگرتوویی جیهانی ئیسلام و ئیرادەی وڵاتان و گەلانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری جیهان بۆ پاڵپشتی لە گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین بووەتە پێویستی و بەرپرسیاریەتی و بە پاڵپشتییەک بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی فەڵەستین هەژمار دەکرێت.
بەردەوامی پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین
بەیاننامەکە دەڵێت: وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی پاڵپشتی بەردەوام بۆ گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین و پیرۆزبایی سەرکەوتنە گەورەکەی ئەوان لە شەڕی 5 ڕۆژەی ئەم دواییە لە بەرامبەر ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی، جارێکی دیکە جەخت لە سەر ڕێگاچارەی دیمۆکراتیکی خۆی بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە کۆنە دەکاتەوە لە سەر بنەمای گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی فەڵەستینی بۆ خاکی خۆیان و بەڕێوەچوونی گشتپرسییەک بە بەشداری سەرجەم دانیشتووانی ڕەسەنی فەڵەستین بە موسڵمان، مەسیحی و جولەکەوە بە ئامانجی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و سیستەمی سیاسی خۆیان.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی تاوانەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنیستی لە دژی دانیشتووانی غەززە کە زیاتر لە 18 ساڵە لە گەورەترین گرتووخانەی سرووشتی لە گەمارۆدان، ئەم تاوانانەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ ناو بردووە و بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت بانگەشەکارانی بەرگری لە مافی مرۆڤی بە هۆکاری بەردەوامی تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ناو بردووە و جەختی لە سەر سزادانی بەرپرسانی باڵای ئەو ڕژێمە وەک ئەنجامدەری تاوانە دژە مرۆییەکان کردووەتەوە./.