بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 10 ی ئایاری 2023 لە میانەی بەشداریی لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی تایبەت بە سوریا کە لە شاری مۆسکۆ بە ئامادەبوونی هاوتاکانی لە سوریا، تورکیا و ڕووسیا بەڕێوەچوو، پێشوازیی لە دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە کرد و وتی کە ئەم ڕووداوە لە پێناو خێر و بەرژەوەندی گەلانی هەر دوو وڵات و ئاسایشی ناوچەکە دەزانین و لەو بڕوایەداین کە هەر دوو وڵات دەتوانن ڕابردوو تێپەڕ بکەن و بە تێڕوانینێک بە داهاتوو، بابەتە دووقۆڵییەکان لە ڕێگای وتووێژ و پتەوکردنی هاوکارییەکان و لە سەر بنەمای دراوسێبوون چارەسەر بکەن.
ناوبراو وتی: هەر چارەسەرێکی سیاسی بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکانی سوریا، دەبێت بە شێوازێک بێت کە کۆماری عەرەبیی سوریا بتوانێت دەسەڵاتی بە سەرتاسەری خاکەکەیدا جێبەجێ بکات، دراوسێکانی سوریا بە تایبەت تورکیا دەتوانن لەم پێناوەدا هاوکاری حکومەتی دیمەشق بکەن، لە بەر ئەوەی کە مسۆگەربوونی ئەمەش دەتوانێت لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری سنورەکاندا بێت، جێگیربوونی هێزەکانی سوپای سوریا لە سنورەکان دەتوانێت نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا چارەسەر بکات و ڕێگری لە چالاکی تیرۆریستان و جوداییخوازەکان بکات.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: لەو بڕوایەداین کە سوریایەکی بەهێز دەتوانێت لە بەرامبەر تیرۆریستان، جوداییخوازەکان، داگیرکارانی ئەمریکی و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی خۆی سەرکەوتن بە دەست بێنێت.
وتیشی کە بوونی هەر پێش مەرجێکی سیاسی لە پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا، یارمەتیدەری چارەسەرکردنی ئەم بابەتە مرۆییە نابێت./.