بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، 7 ی ئایاری 2023 کۆمکاری عەرەبی پاش تێپەڕبوونی 12 ساڵ لە سزا و هەڵپەساردنی ئەندامێتی سوریا، ڕەزامەندیی لە سەر گەڕانەوەی کورسی ئەم وڵاتە دەربڕی. کۆمکاری عەرەبی هەروەها بڕیاریدا بەشداری شاندەکانی حکومەتی سوریا لە سەرجەم کۆبوونەوەکان و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار دەست پێبکاتەوە.
کێبڕکێی وڵاتانی عەرەبی و گەڕانەوە بۆ سوریا
هەروەها لە بەیاننامەکەی کۆمکاری عەرەبی، جەخت لە سەر پێویستی هەنگاوی کرداری و کاریگەر لە پێناو چارەسەرکردنی قۆناغ بە قۆناغی قەیرانی سوریا لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوەتەوە کە دەرفەتی هاوکاریکردنی سوریا لە ڕووی مرۆڤدۆستانەوە دابین دەکات. دیمەشق بڕیارەکانی کۆمکاری عەرەبیی قبووڵ کرد و ڕایگەیاند ئەو کەشە ئەرێنییەی کە لە ناوچەکەدا دەبینرێت لە بەرژەوەندی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە و ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدا ڕووی داوە کە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی گوشارێکی زۆری ئەمریکایان لە سەر بوو. هەروەها لە مانگی ئازاری ڕابردوو ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان کردەوە کە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا ناکەن.
ئەمریکاش سەردانەکەی مانگی ئازاری ڕابردووی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریای بۆ ئیمارات بە پیشاندەری بێهیوایی ناو برد و ڕایگەیاند کە بانگهێشتکردنی ئەسەد بۆ شەرعییەتدانە بە ناوبراو.
ئەمریکا لەو کاتەدا جەختیکردەوە کە سزاکانی سەر سوریا بەردەوام دەبێت و پاڵپشتی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە ناکات، مەگەر ئەوەی کە حکومەتی سوریا ڕەزامەندی لە سەر چارەسەری سیاسی بە پێی بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرببڕێت.
بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوو چەشنێک لە کێبڕکێی وڵاتانی عەرەبی بۆ نزیکبوونەوە لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە بینرا. پرسیار ئەوەیە کە بۆ وڵاتانی عەرەبی کە لە دەیەی ڕابردوو بە شوێنکەوتوویی سیاسەتەکانی ئەمریکا، سوریایان خستە قەیران و پەراوێزەوە و گەمارۆیان بە سەر ئەم وڵاتەدا سەپاند و سەدان ملیار دۆلاریان بۆ کەوتنی حکومەتی دیمەشق بەکار هێنا، ئێستا حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بە فەرمی دەناسن و هەوڵی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە دەدەن.
ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی چۆن ڕاگیرا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە باشترە سەیری گۆڕانکارییەکانی دەیەی ڕابردوو و چۆنیەتی سزادانی سوریا لە لایەن کۆمکاری عەرەبییەوە بکەین. کۆمکاری عەرەبی لە تشرینی دووەمی ساڵی 2011 بە دەنگی ئەرێنی 18 وڵات، ئەندامێتی سوریای هەڵپەسارد و تەنیا یەمەن و لوبنان دژایەتی ئەو بڕیارەیان کرد. پاش ئەوەش لە کاتێکدا کە حکومەتی سوریا سەرقاڵی شەڕێکی گەورەی جیهانی بە ئامرازی تیرۆریزمی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو، وڵاتانی عەرەبی بە شوێنکەوتوویی سیاسەتەکانی ئەمریکا بڕیاری سزادانی سیاسی و ئابوریی سوریایان خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە گەڵ ئەوەش چەند وڵاتێکی عەرەبی، پاڵپشتییان لە گرووپە چەکدارەکانی سوریا کرد. تەنانەت لە میانەی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە ساڵی 2013 لە دەوحەی قەتەر، کورسی سوریا درایە نەیارانی ئەم وڵاتە. وڵاتانی عەرەبی هەروەها بەشدارییان لە سزا و گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا کرد.
بەڵام هیچ یەک لە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سوریا ئەنجامی نەبوو و قەیرانی سوریا بووە یەکێک لە گەورەترین و دژوارترین دۆسیە دەرەکییەکانی کابینەکانی دەیەی ڕابردووی ئەمریکا کە هێشتا لە چارەسەرکردنیدا ماونەتەوە.
بەرەی خۆڕاگری چۆن شکستی بە پیلانی دابەشکردنی سوریا لە لایەن ئەمریکاوە هێنا؟
لە کاتێکدا کە پاڵپشتی هەمەلایەنەی ئەمریکا لە گرووپە تیرۆریستی و چەکدارەکانی سوریا بە تایبەت داعش بەردەوام بوو، بەرەی خۆڕاگری بە سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمان سەرەتای قەیرانی سوریاوە لە ساڵی 2011 و لە سەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی ئەم وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی بە زۆرینە بیانی، بە ڕۆڵی ڕاوێژکاری لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە بوو تا ڕێگری لە کەوتنی دەسەڵاتی سوریا و لەناوبردنی ئەم وڵاتە لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکان و لایەنگرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەوانەوە بکات.
بەسام ئەبوعەبدوڵڵا بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە ستراتیژییەکانی دیمەشق لە سەر ئەم بابەتە وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەبات و سەرکەوتنەکانی گەل و حکومەتی سوریا لە بەرامبەر تیرۆریزم و گرووپە توندڕۆکان، ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەبووە.
ناوبراو وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2011 بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە قەیرانی سوریا دەستپێشخەرییەکی سیاسی خستەڕوو و لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و گرووپە تیرۆریستییەکان مایەوە و شەهیدیشی پێشکەش بە سوریا کرد.
پێکهێنانی هێزە خۆجێییەکان لە هەنگاوەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا بوو. خاڵێکی لاوازی حکومەتی سوریا ئەوە بوو کە نەیدەتوانی کەڵک لە هێزی گەل بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی ئەم وڵاتە وەربگرێت، هەر بۆیە ڕاوێژکارانی ئێرانی لە سوریا ئامۆژگاری ئەوەیان کرد کە کەڵک لە دەرفەتی خەباتی گەل بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان وەربگیرێت.
شەهید سولێمانی، قارەمانی گەلی سوریا لە شەڕی دژ بە داعش
ڕۆڵی کەم وێنەی شەهید قاسم سولێمانی لە سەرکەوتنی دژ بە تیرۆریزم و گیانفیدایی بەڕێزیان لە سوریا بابەتێکە کە دۆست و دوژمن دانیان پێدا ناوە. بەم پێیەش دەتوانین دوو ڕووداو وەک گرنگترین پرۆسە سەربازییەکان بە فەرماندەیی شەهید سولێمانی لە سوریا ناو ببەین:
یەکەم: پرۆسەی ئازادکردنەوەی شاری حەلەب کە بە پایتەختی نەیارانی چەکداری سوریا بە تایبەت بەرەی نوسرە، ئەحراری شام و هاوپەیمانی جەیشی فەتح دەناسرا.
دووەم: پرۆسەی ئازادکردنەوەی شاری دەیرەزۆر، پایتەختی مەعنەوی داعش کە لە پاش ئازادکردنی شارەکانی موسڵی عێراق و ڕققەی سوریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش، بە گرنگترین شاری ژێر کۆنتڕۆڵی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا دادەنرا.
بۆ وڵاتانی عەرەبی بیریان لە گەڕانەوە بۆ سوریا کردەوە؟
بە گۆڕانکاری لە هاوکێشە ناوچەییەکان و پاش ئەوەی کە حکومەتی سوریا لە هەڵ هاوپەیمانەکانی لە بەرەی خۆڕاگری سەرکەوتووانە شەڕی دژ بە پیلانگێڕییە سیاسی، سەربازی و ئابورییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد و بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەیی لە ژێر دەستی تیرۆریستان و داگیرکاران ئازاد کرد، لە ساڵی 2018 چەندین هێمای خواستی وڵاتانی عەرەبی بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا دەرکەوت و ئیمارات یەکەم وڵات بوو کە بە هەنگاوی کرداری هاتە گۆڕەپانەکەوە و باڵیۆزخانەکەیی لە دیمەشق کردەوە. پاش ئەوەش چەندین وڵاتی دیکەی وەک ئەردەن، میسر و سعوودیە هەوڵی نزیکبوونەوەیان لە گەڵ حکومەتی سوریا دا، ئەو هەوڵانەش لە ساڵی 2023 پاش گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خێراتر بووە.
ناڕەزایەتی ئەمریکا لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕەزامەندی کۆمکاری عەرەبی لە سەر گەڕانەوەی سوریا، ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەم قۆناغەدا دیمەشق شیاوی وەرگرتنەوەی کورسییەکەی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی نییە.
ئاشکرایە کە واشنتن بە هۆی شکستەکانی لە سوریا ناتوانێت پێشوازی لە بڕیارەکەی کۆمکاری عەرەبی بکات. ئەوەی کە لە سوریا ڕوو دەدات کاریگەری نەرێنی لە سەر داهاتووی ڕژێمی زایۆنیستی دادەنێت. لە لایەکی دیکەوە دەستێوەردانەکانی تەل ئەبیب لە دۆسیەی سوریا و شەڕی ئۆکراینا، کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی ئەو ڕژێمە و ڕووسیا داناوە.
ڕژێمی زایۆنیستی گەورەترین دۆڕاوی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەیە کە لە ڕێکەوتنی ئێران و سعوودیەوە دەستیپێکردووە و گەیشتە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، ئەو شوێنەی کە سەرجەم سیاسەت و پرۆژەکانی زایۆنیستەکان بۆ پەرەپێدانی پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ناوچەکە و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دژ بە خۆڕاگری و ئێران تێکدرا.
بۆ سوریا لە هاوکێشەی نوێی عەرەبی سەرکەوتنی بە دەست هێنا؟
ئەوەی کە لە زۆربەی شرۆڤەکاندا دەوترێت گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی سەرکەوتنێکە بۆ سوریا، بە واتای ئەوە نییە کە ئامانجی گەل و حکومەتی سوریا لە ماوەی دە ساڵدا تەنیا وەرگرتنەوەی کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی بووە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە دوو دەیەی ڕابردوو کۆمکاری عەرەبی لە جێی ئەوەی کە دامەزراوەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانی عەرەبی بێت، دامەزراوەیەکی سەر بە ئەمریکا بووە کە شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە بووە. هەڵە ستراتیژییەکانی کۆمکاری عەرەبی لە شەڕی لیبیا و قەیرانی سوریا و داگیرکاری ئەمریکا لە عێراق، نموونەی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بووە.
هەر بۆیە کۆمکاری عەرەبی لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە هەڵوێستەکان و داڕشتنەوەی نەخشەڕێگای نوێ لە پێناو چارەسەرکردنی دۆسیەکانی وڵاتانی عەرەبی هەیە و دەبێت لەم دەرفەتە کە هاتووەتە پێشەوە ئەوپەڕی کەڵک وەربگرێت. بەڵام سەرکەوتنەکەی سوریا لە گەڕانەوە بۆ کۆمکاری عەرەبی گرنگییەکەی ئەوەیە کە بە بێ هیچ مەرجێک کراوە و وڵاتانی عەرەبی لە پاش تێگەیشتن لە هەڵەبوونی شوێنکەوتوویی سیاسەتەکانی ئەمریکا بە ناچار ڕاستییەکانی سوریایان قبووڵ کرد و حکومەتی بەشار ئەسەدیان بە فەرمی ناسییەوە./.