بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەر لە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە 9 ی ئایاری 2023 لە چاوپێکەوتنی فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، وتی: ئیرادەی حکومەت و دەزگای دادی عێراق لە بەدواداچوونی دۆسیەی تاوانە دڕندانەکەی ئەمریکییەکان لە تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس و ڕادەستکردنی ئەوانەی دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە بە یاسا، بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئیران جەختی لە سەر بە ئەنجام گەیشتنی ئەم دۆسیەیە کردەوە و وتی: بە ئەنجام گەیشتنی ئەم دۆسیەیە پیشان دەدات کە ئێران و عێراق لە جێبەجێکردنی دادپەروەری لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە پابەندی هیچ بنەما و بەڵێنێک نین، بە جیدی هەنگاو دەنێن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە ئاماژە بە بەردەوامی هاوکارییەکانی تاران و بەغدا لە بواری وزە، جەختی لە سەر پێویستی پابەندبوونی حکومەتی عێراق بە بەڵێنەکانی کردەوە.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات، وتی: یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی هاوکاری دەزگای دادی ئێران و عێراق، دادگاییکردن و بە سزا گەیاندنی هەموو ئەو کەسانەیە کە لە تاوانی تیرۆری شەهیدانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا بەشدارییان هەبووە./.