بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهاتیر محەممەد سەرۆک وەزیرانی پێشووی مالیزیا وتی کە ئەمریکا بە هاوکاریکردنی یەک لایەنی شەڕی ئۆکراینا، مرۆڤایەتی بەرەو شەڕێکی جیهانی دەبات.
ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی گلۆباڵ تایمز ی چین، وتی: ئەمریکا هەوڵ دەدات وڵاتانی دیکە بۆ شەڕی دژ بە ڕووسیا هان بدات و ڕووسیاش هەوڵی دۆزینەوەی وڵاتانی هاوپەیمان دەدات، ڕوبەڕوبونەوەی نێوان دوو بەرەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دێتە پێشەوە و ئەمەش پەرە دەستێنێت و دەگاتە شەڕێکی جیهانی.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی مالیزیا وتی: شەڕی ئۆکراینا کە هۆکارەکەی بۆ سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە، کاریگەریی لە سەر جیهان بە گشتی داناوە، دۆخەکە قورس بووە و نرخی کاڵا سەرەکییەکان لە سەرتاسەری جیهان بەرز بووەتەوە.
مەهاتیر محەممەد سەبارەت بە پرسی ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ، وتی: لە ڕاستیدا ئەگەر ئۆکراینا نەبێتە ئەندامی ناتۆ، ڕووسیا کەمتر هەست بە مەترسی دەکات و ڕوبەڕوبونەوەیەک نابێت، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕوو بدات ڕووسیا هەنگاوی سەربازیی زیاتری دەبێت.
ناوبراو جەختیکردەوە کە دانوستان و وتووێژ تاکە چارەسەری قەیرانی ئێستای نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوایە./.