بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گالی بەهارلو میارا داواکاری گشتی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە ئەگەر بنیامین نتانیاهۆ دان بە تۆمەتەکانیدا بنێت، بڕیاری زیندانیکردنی هەڵدەوەشێتەوە.
ئەو دانپێدادانەی نتانیاهۆ بە واتای سزادانی بە تۆمەتی خیانەتکردنە و لە لایەکی دیکەوە کۆتایی بە ژیانی سیاسی ناوبراو دێنێت.
پێشتریش پارێزەرەکانی نتانیاهۆ داوای ئەوەیان لە داواکاری گشتی ڕژێمی زایۆنیستی کردبوو کە دادوەرێکی دیکە دۆسیەکەی ناوبراو تاوتوێ بکاتەوە.
دادگاییکردنەکەی نتانیاهۆ تا ئێستا بە شێوازی نهێنی و لە پشتەوەی دەرگا داخراوەکانەوە بووە.
نتانیاهۆ لە چەندین دۆسیەدا کە دۆسیەکانی 1000، 2000 و 4000 ناو نراون دادگایی دەکرێت و چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ کە خیانەت، وەرگرتنی بەرتیل و خەراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە خۆ دەگرێت.
هەینی ڕابردوو بەنی گانتز لە سەرکردە سیاسییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە پاڵپشتی لە ڕێکەوتنی وازهێنانی نتانیاهۆ لە ژیانی سیاسی و هەڵوەشانەوەی بڕیاری زیندانیکردی ناوبراو دەکات.
ناوبراو وتی کە نتانیاهۆ بە هۆی دۆسیەکانیەوە کەوتووەتە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی دادوەری و تەنانەت ئامادەی لەناوبردنی سیستەمی دادوەرییە و ئەگەر لە دادگاییکردنەکەی ڕزگار ببێت، سیستەمی دادوەری ڕوبەڕوی دۆخێکی قورس دەبێتەوە.
هاوکات خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی بنیامین نتانیاهۆ بۆ زیاتر لە 4 مانگە بەردەوامە و هەموو شەممەیەک بە دەیان هەزار کەس لە تەل ئەبیب و شارەکانی دیکە دەڕژێنە سەر شەقامەکان./.