بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی بەیاننامە هاوبەشەکەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عەرەبیی سوریا بەم شێوازەیە:
لە وەڵامی بانگهێشتی فەرمی بەڕێز بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە 3 و 4 ی ئایاری 2023 بە سەردانێکی دوو ڕۆژە و فەرمی لە سوریا بوون و لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە سەبارەت بە چۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆخی نێودەوڵەتی، بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
هەر دوو سەرۆک کۆمار وتووێژێکی زۆریان پێکەوە هەبوو کە گرنگترین تەوەرەکانی لە سەر ڕێگاکانی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە پێی تێڕوانینی برایانە و ستراتیژی و دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بووە.
هەر دوو لا جەختیان لە سەر پێویستی ڕێزگرتن لە دەسەڵات و سەروەری نیشتمانی، سەربەخۆیی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی هەر دوو وڵات بە پێی ئامانج و بنەماکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە.
هەر دوو لا جەختیان لە سەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە ڕێگای بەردەوامیدان بە هاوکارییە سیاسی، ئابوری، کۆنسووڵی و بوارەکانی دیکەی هاوکاری و هەروەها بەردەوامیدان بە سەردانیکردنی شاندە باڵاکانی هەر دوو وڵات کردەوە.
ئێران و سوریا ئامادەیی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە ڕێگای میکانیزمەکانی بەردەم بە تایبەت کۆمیسیۆنی هاوبەشی نێوانیان دەربڕی. ئەوان هەروەها جەختیان لە سەر هاوکارییەکانی نێوانیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆماری عەرەبیی سوریا کردەوە.
هەر دوو لا بە گەشبینییەوە سەیری هاوکاری هاوبەشی خۆیان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و توندڕۆیی کرد و جەختیان لە سەر بەردەوامی هاوکارییە هاوبەشەکان بۆ لەناوبردنی کۆتایی تیرۆریستان کردەوە.
تاران و دیمەشق ئیدانەی دەستێوەردانەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستییان بۆ سەر سوریا کرد و بە هۆکاری ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە ناویان برد. هەر دوو لا جەختیان لە سەر مافی ڕەوای سوریا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەش کردەوە.
هەر دوو لا بەردەوامی داگیرکاری جۆلانی سوریا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی و هەنگاوەکانی ئەو ڕژێمەیان بۆ لکاندنی جۆلان بە توندی ئیدانە کرد کە بە پێچەوانەی یاسا و بنەماکانی نێودەوڵەتییە. ئەوان هەروەها بڕیارەکەی ئەمریکایان بۆ بە فەرمی ناساندنی داگیرکاری جۆلان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە بە توندی ئیدانە کرد.
هەر دوو لا ئیدانەی هەر چەشنە ئامادەبوونێکی نایاسایی سەربازییان لە خاکی سوریادا کرد کە بە داگیرکاری هەژمار دەکرێت و جەختیان لە سەر کۆتایی هێنان بەمە کردەوە. ئەوان جەختیان لە سەر دەسەڵاتی سوریا بە سەر تەواوی ناوچەکانی ئەم وڵاتەدا کردەوە. تاران و دیمەشق بە توندی ئیدانەی تاڵانکردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی سوریایان لە لایەن ئەمریکاوە کرد و داوای ئەوەیان کرد کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەم تاڵانکردنە هەڵوێستی هەبێت.
تاران و دیمەشق ئیدانەی بڕیار و هەنگاوە تاکلایانە و نایاساییەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپایان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عەرەبیی سوریا کرد، ئەو هەنگاو و بڕیارانەی کە بە پێچەوانەی یاسا و مافی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤە.
هەروەها لایەنی ئێرانی سەر لە نوێ جەختی لە سەر بەردەوامی هاوکارییەکانی بۆ حکومەت و گەلی سوریا کردەوە.
هەر دوو لا پێشوازییان لە گۆڕانکارییە ئەرێنییە سیاسییەکان لە ناوچەکە بە تایبەت پەیوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ڕێکەوتنەکەی نێوان تاران و ڕیاز کرد و ئەمەیان بە هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە کرد. تاران و دیمەشق هەروەها جەختیان لە سەر پێویستی یەکگرتوویی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەکان و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕێگای هاوکاری ناوخۆیی ناوچەییەوە کردەوە./.









