بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندە باڵاکانی ئێران سوریا کە بە سەرۆکایەتی ناوبراو و بەشار ئەسەد بەڕێوەچوو، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە سەرکەوتنی گەل و حکومەتی سوریا و بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر تیرۆریزم و تێپەڕاندنی قۆناغی سەخت و دژواری سوریا، وتی: گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کاریگەریی لە سەر پەیوەندی برایانەی نێوان ئێران و سوریا نەبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پەیوەندییەکانی ئێران و سوریا بە خوێنی شەهیدە ئازیزەکانمان بە تایبەت شەهید حاجی قاسم سولێمانی گرێدراوە و ئەمەش نهێنی بەردەوامی و پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: گەل و حکومەتی سوریا قۆناغی دژوار و کێشە گەورەکانیان تێپەڕ کردووە و ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین کە ئەم کێشانە بە ڕادەیەکی زۆر نەماون و سەرەڕای هەڕەشەکان و سزا سەپێندراوەکان، سوریا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئەمڕۆ ڕاستییەکانی پێگەی باڵای ئێران و سوریا لە ناوچەکە بۆ هەمووان ڕوونتر بووەتەوە و ئەوانەی تا دوێنێ بە گومانەوەی سەیری ئەم پێگەیان دەکرد، بەوە گەیشتوون کە ئەمە هەڵوێستێکی ڕاست و دادپەروەرانە بووە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختی لە سەر بەردەوامی پاڵپشتی و هاوکارییەکانی ئێران بۆ مسۆگەربوونی ئاشتی بەردەوام، سەقامگیری و ئارامیی سوریا کردەوە و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران وەک چۆن کە لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم لە گەڵ سوریا بووە، لە بواری ئاوەدانی و پێشکەوتنیش لە گەڵ برایانی سوریی خۆی دەمێنێتەوە.
سەرۆک کۆماری سوریاش لەو کۆبوونەوەدا دەستخۆشی و سوپاسی خۆیی بۆ هەڵوێست و پاڵپشتی و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژانی سەخت و دژوار و قەیرانەکانی سوریا ڕاگەیاند و وتی: گەل و حکومەتی سوریا هیچ کات هاوکارییەکانی برایانی ئێرانیی خۆیان لەبیر ناکەن.
بەشار ئەسەد داوای ئەوەیکرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیی و ئاوەدانکردنەوەی سوریا ڕۆڵی زیاتری هەبێت.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی ئێران سوریا، پەیوەندییەکی دەوڵەمەند و پڕئەزموونە، بە هۆی ئەوەی کە تەنانەت لە قۆناغە سەخت و دژوارەکان و لە لوتکەی ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، پەیوەندییەکی بەردەوام و سەقامگیر بووە./.