سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە یەکەم سەردانی سەرۆک کۆمارێکی ئەم وڵاتە بۆ سوریا لە پاش 12 ساڵ هەژمار دەکرێت، هەڵگری چەندین پەیامە.
یەکەم پەیامی سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ئەوەیە کە تاران جەخت لە سەر بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی بۆ گەل و حکومەتی سوریا دەکاتەوە. ئێران وەک چۆن کە لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە گەڵ سوریا بووە، ئێستاش لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە درێژە بە هاوکارییەکانی دەدات. سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی شاندە باڵاکانی هەر دوو وڵات ئەمەی دووپات کردەوە.
دووەم پەیامی ئەم سەردانە بۆ ڕژێمی کاتی و داگیرکاری زایۆنیستییە. ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە سوریا لە بەرامبەر دوژمنەکانی بە تەنیا ناهێڵێت و وەڵامی هێرشەکانی سەر ئەو وڵاتەش دەدرێتەوە.
سێهەم پەیامی سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ سوریا بۆ بەرەی خۆڕاگرییە کە ئێران بە هەموو هێزێکەوە لە پێناو سەرکردایەتیکردنی بەرەی خۆڕاگری و بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجی ستراتیژیی نەهێشتنی ڕژێمی زایۆنیستی درێژە بە هەوڵەکانی دەدات.
پەیامی چوارەمیش بانگهێشتکردنی وڵاتانی عەرەبی بۆ هاوکاریکردنی سوریا لە ڕووی ئاوەدانی و نەهێشتنی ئاسەوارەکانی ساڵانی شەڕی سەپێندراوی سەر ئەو وڵاتەیە، هەروەها پەلەکردن لە گەڕانەوەی پێگەی ناوچەیی و عەرەبیی سوریا پاش تێپەڕکردنی 12 ساڵ قەیرانی ئەو وڵاتە.
هەروەها سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە بوترێت کە ئەم سەردانە پاش ساڵانێک لە شەڕی سەپێندراوی سەر سوریا دەبێت و ئێران لایەنگری سەرەکیی سوریا لەم شەڕەدا بووە، هەروەها ئەم سەردانە لە پاش زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە و چەندین سەردانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بۆ سوریا بووە و هەڵگری چەندین پەیامە بۆ داگیرکارانی زایۆنیست پاش شکستی پیلانەکانی ئەوان لە دژی ئێران و سوریا.
بە گشتی پەیامی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختکردنەوەیە لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و پاڵپشتی لەو وڵاتە لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و سەربازی.
هەروەها سەردانەکە دەبێتە هۆی نیگەرانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، لە بەر ئەوەی کە شکستی پیلانەکانی ئەوان لە بەرامبەر ئێران و سوریا دەسەلمێنێت./.