بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژانە وەک خویەکی بەردەوام مۆبایل بە دەستمانەوەیە و بە کاری دەهێنین، هەندێک کاتیش لە گەڵ خەڵکانی نزیک لە خۆمان مۆبایلەکان دەستاودەست دەکەین و شتە دڵخوازەکان پیشانی یەکتر دەدەین و دەستیشمان بەردەوام نزیکترینە لە دەم و لوت و چاومان و بەرکەوتنیان دەبێت. ئەمەش وا دەکات شاشەی مۆبایلەکان ببنە کانگەی هەڵگرتن و گواستنەوەی میکرۆبەکان بۆ جەستەمان.
لە توێژینەوەیەکی پزیشکیدا کە تایبەت بە شاشەی مۆبایلە زیرەکەکان بووە، دەرکەوتووە کە مۆبایل 10 هێندەی بەکتریای زۆربەی کورسییەکانی ئاودەست هەڵدەگرێت.
بۆیە پێویستە هەموو ڕۆژێک جارێک مۆبایلەکان و بەرگەکانیشیان بە مادەی پاککەرەوە پاک بکرێنەوە. کۆمپانیاکانی ئەپڵ و سامسۆنگ ڕێنمایی بە بەکارهێنەرانیان دەدەن بە مادەیەک کە پێکهاتبێت لە سەدا 70 ی کحول و تەعقیم، مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان پاک بکرێنەوە تا دوور بن لە نەخۆشی و بەرکەوتن لە گەڵ میکرۆبە زیانبەخشەکان.
سەلامەتترین ڕێگاش بۆ پاککردنەوەی شاشەی ئامێرەکان، تەڕکردنی پارچە قوماشێکە بە ئاو و مادەی تەعقیم و سڕینی شاشە و بەرگ و پاشان لێکردنەوەی بەرگەکە و پشتی مۆبایلەکان بە هەمان شێوە. دووربکەونەوە لە ڕشتن یان پڕژاندنی ڕاستەوخۆی مادەکان بۆ سەر شاشەی مۆبایلەکان./.