بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە خاڵی سنوریی ” مارون الراس ” یاد و بیرەوەرییەکانی شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەنگی بەرز پاڵپشتی خۆی بۆ خۆڕاگریی لوبنان و فەڵەستین لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی دووپات دەکاتەوە.
ناوبراو وتی: لە کۆبوونەوەم لە گەڵ سەید حەسەن نەسروڵڵا جەخت لەوە کرایەوە کە خۆڕاگری ئەمڕۆ لە بەهێزترین قۆناغی خۆیدایە و لە لایەکی دیکەوە ڕژێمی زایۆنیستی لە لاوازترین و پڕکێشەترین قۆناغیدایە و ڕوبەڕوی چەندین قەیرانی ناوخۆیی سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی بووەتەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختی لەوەش کردەوە کە ئێران بەردەوام دۆستی ڕۆژانەی تەنگانەی لوبنان بووە و لێرە بە دواش دۆستی ڕۆژانی ئاسایش و ئارامیی ئەم وڵاتە دەمێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: خۆڕاگریی لوبنان ئەوەی سەلماند کە زایۆنیستەکان تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگەن و خۆڕاگری گرنگترین بژاردەیە و ئاسایش و پاراستنی یەکپارچەییش بەندە بەم خۆڕاگرییەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا ئاسوودەیی، چاکە و ئاسایشی ناوچەکەی دەوێت./.