بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن ناوەندی ئاماری ئەورووپاوە بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات کە یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی ڕابردوو 4181 تەن نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکانی لە ئێران هاوردە کردووە.
ڕێژەی هاوردەی نەوتی ئێران لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە ئەگەرچی بەرچاو نییە بەڵام پیشاندەری ئەوەیە کە پاڵاوگە ئەورووپییەکان سزاکانی ئەمریکا لە بەرچاو ناگرن و هاتنی ئەم ژمارەیەش لە ئاماری فەرمی هاوردەی نەوتی یەکێتی ئەورووپا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەورووپییەکان دەیانەوێت لە سزاکانی ئەمریکا دوور بکەونەوە یان لانیکەم ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر سیاسەتی سزادانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دەردەبڕن.
بە پێی ئەو ئامارەش، سێ ئەندامی یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی 2022 نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکانیان لە ئێران هاوردە کردووە. ئەو وڵاتانەش بریتین لە ڕۆمانیا، پۆڵەندا و بۆلگاریا.
ڕۆمانیا لە ساڵی 2022 بە گشتی 4 هەزار تەن نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکانی لە ئێران هاوردە کردووە. بۆلگاریاش 168 تەن و پۆڵەندا 13 تەن نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکانی لە ئێران هاوردە کردووە.
بۆلگاریا نوێترین کڕیاری نەوتی ئێرانە کە لە ساڵی 2018 و سەپاندنی سزاکانی ئەمریکاوە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی لە ئێران هاوردە کردووە. یەکەم بارە نەوتی ئێران لە کانوونی یەکەمی 2022 هەناردەی ئەو وڵاتە کراوە. بۆلگاریا لە کانوونی دووەمی 2023 بۆ دووەم مانگی بەردەوام 83 تەن نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکانی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە./.