بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجامی ڕاپرسییەک کە لە لایەن دامەزراوەی کانتر لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لەو بڕوایەدان کە داهاتوویەکی باش چاوەڕوانی ئەوان ناکات.
کەناڵی زایۆنیستی ئای 24 ڕایگەیاندووە کە لە سەدا 48 ی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دۆخەکە لە داهاتوودا باشتر دەبێت یان خەراپتر، بژاردەی خەراپتریان هەڵبژاردووە.
لەو ڕاپرسییەدا هاتووە کە تەنیا لە سەدا 20 ی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لەو بڕوایەدان کە دۆخی ئەو ڕژێمە لە داهاتوودا باشتر دەبێت. لە سەدا 19 ی ئەوان لەو بڕوایەدان کە هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نادات و لە سەدا 13 ی دیکەش ڕایانگەیاندووە کە نازانن دۆخی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە ساڵانی داهاتوودا چۆن دەبێت.
کەناڵی ئای 24 هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە 533 ژن و پیاوی تەمەن سەروی 18 ساڵ لەم ڕاپرسییەدا بەشدارییان کردووە، ڕایگەیاندووە کە قەیرانی ئێستای ناوخۆیی ڕژێمی زایۆنیستی یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی بەردەم ئەو ڕژێمەیە./.