بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: لێدوانەکانی ئەنتۆنی بلینکەن تەنیا بە ئامانجی بازاڕگەرمی بۆ فرۆشتنی چەکی ئەمریکی و پەرەپێدانی سیاسەتی شکستخواردووی ناساندنی ئێران وەک مەترسییەک و هەروەها ناکۆکی خستنە نێو وڵاتانی ناوچەکە بووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بە پێچەوانەی لێدوانە نەشیاوەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی دراوسێتی، بەردەوام جەختی لە سەر وتووێژ، بەشداری و هاوکاری ناوچەیی بۆ دابینکردنی ئاسایش و بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە بە دوور لە دەستێوەردانی بێگانەکان کردووەتەوە و گۆڕانکارییە ئەرێنی و بەرەوپێشچووەکانی ناوچەکەش لەم پێناوەدایە.
کەنعانی وتی کە پلانی سەربازیی ئێران تەنیا ڕەهەندی بەرگری هەیە و لە دژی هیچ وڵاتێک کە ویستی هێرشی سەر ئێرانی نەبێت، نییە.
ناوبراو سیاسەتی هەڵەی ئەمریکای بە هۆکار و سەرچاوەی سەرەکی ئاڵۆزی، ناسەقامگیری و شەڕی ناوچەکە ناو برد و وتی: لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە کە تێڕوانینی هەڵە، دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە بە لاوە بنێت و موڵەتی ئەوە بدات ڕەوتی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری بە هاوکاری و بەشداری وڵاتانی ناوچەکە درێژە بە ڕێگای خۆی بدات./.