بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەمار حەکیم لە وتاری نوێژی هەینی شاری بەغدا وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران و سعوودیە ئیرادە و لێک تێگەیشتن و ئامادەیی بەشدارییان لە پەرەپێدان و سەقامگیری ناوچەکە هەیە و عێراق زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە پێشوازی و پاڵپشتی لەم ڕێکەوتن و وتووێژە دەکات و باشترین و زیاترین سوودیشی لێدەبینێت.
ناوبراو سەبارەت بە عێراقیش وتی: شکستی تیرۆریزم گەورەترین دەسکەوتی عێراق بووە و ئێستا بە زاڵبوون بە سەر کێشە و گرفتەکاندا دەرفەتێکی گرنگی بۆ هاتووەتە پێش.
حەکیم وتی کە موڵەت بە هیچ کەس و لایەنێک نادەین کە عێراق بۆ سەردەمی شەڕی تائیفی و کێشە ناوخۆییەکان بگەڕێنێتەوە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی وتی کە عێراق لە وڵاتێکی ناتەبا و ناسەقامگیر لە ڕووی ناوخۆیی و پەراوێزکەوتوو لە ڕووی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە بووەتە وڵاتێکی چالاک کە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە ڕێزی زۆری لێدەگیرێت./.