بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە بۆ چوارەم جار لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو لە ڕێگای تەلەفوونەوە وتووێژیان کرد.
لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا کە شەوی پێنج شەممە 20 ی نیسان ئەنجام درا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان، وتی: هاوکارەکانم لە وەزارەتی دەرەوە و شاندی نێردراو بۆ ڕیاز و جەدە هەوڵ دەدەن لە وادەی دیاریکراو و پێش ڕێوڕەسمی حەج باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سعوودیە دەکرێتەوە.
ناوبراو هەروەها ئەنجامی سەردانی شاندەکەی سعوودیەی بۆ تاران و مەشهەد بە سەرکەوتووانە ناو برد.
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیەش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە هاوتا ئێرانییەکەی، هیوای خواست کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ڕیاز و تاران لە گەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کۆببێتەوە.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە هەروەها وتی کە ڕیاز ئاسانکاری تەواو بۆ حاجییە ئێرانییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانە لە ڕیاز و کۆنسووڵخانە لە جەدە دەکات./.