بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەدنان موساپور وتی: لە چەند ساڵی ڕابردوو کە ناوی ئێران و سعوودیە دەبرا تەنیا باس لە ئاڵۆزییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەکرا بەڵام ئەمڕع لە ڕوانگەیەکی دیکەوە لە پەیوەندییەکانی نێوانیان دەڕوانین. سعوودیە لە ساڵی 2021 لە سەرجەم وڵاتانی جیهانەوە هاوردەی هەبووە تەنیا لە ئێران و سودان و وڵاتی بۆرکینافاسۆوە نەبێت و هۆکاری ئەمەش سیاسەتەکانی نێوان ڕیاز و تاران بووە.
ناوبراو وتی: بە ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە سیناریۆیەک تاوتوێ دەکەین کە ڕێگای بۆ کەرتی تایبەت و بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵات دابین دەکات. ئەوە لە بیر نەکەین کە بازرگانی لە سەر ئاستی جیهان هەوڵی دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ و داهێنان دەدات و بە دڵنیاییەوە ئێستا لە سعوودیە بازرگانە گەورەکانی ئەو وڵاتە هەوڵی پەیوەندی لە گەڵ ئێران دەدەن و ئەمەش لە کاروباری بازرگانیی جیهاندا باوە.
موساپور وتی: کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتە بازرگانییەکان و گەشەی هەر وڵات، پێویستی بە دابینکردنی ژێرخانی گونجاو و گرتنەبەری بڕیاری درووستی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە. لە ئێستادا کە پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بەرەو باشتربوون دەڕوات، کاتی ئەوە هاتووە کە کەڵک لە دەرفەتە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات وەربگیرێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران و قەتەر وتی: لە لوتکەی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکاندا ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەم هەلومەرجە نوێیەدا دەتوانین چاوەڕوان بین کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بگاتە 2 تا 3 ملیار دۆلار. سعوودیە لە ساڵانی ڕابردوو هەوڵی جۆربەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی خۆیی داوە و پلانی ئەوەشی داڕشتووە کە ئابوریی خۆی لە بەسراوەیی تەواو بە داهاتە نەوتییەکان ڕزگار بکات و بۆ نموونە جەختی لە سەر پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری کردووەتەوە.
عەدنان موساپور لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هاوردەی سعوودیە چییە؟ وتی: سعوودیە لە ساڵی 2021 نزیکەی 152 ملیار دۆلار هاوردەی هەبووە. زۆرترین هاوردەشی لە چین، ئەمریکا، ئیمارات و هیندستان بووە. هاوردەکەش 7 ملیار دۆلار مادە کانزاییەکان، 7 ملیار دۆلار دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، 5.5 ملیار دۆلار ئاسن و پۆڵا، 3.8 ملیار دۆلار مادەی پلاستیکی، 3.4 ملیار دۆلار دانەوێڵەکان، 2.6 ملیار دۆلار مۆبێلات، 2.6 ملیار دۆلار مس و مادەی پەیوەندیدار، 4.5 ملیار دۆلار بەرهەمی پترۆکیمیا، 2 ملیار دۆلار شیرەمەنییەکان و …… بووە./.