بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە وتوویژی تەلەفوونی لە گەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر، وێڕای پیرۆزبایی هاتنی جەژنی ڕەمەزان، پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و جەختی لە سەر وتووێژ و هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە لە پێناو پێشکەوتنی ناوچەکە کردەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە ئاماژە بە تاوانەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرشی سەر مزگەوتی ئەقسا و موسڵمانانی فەڵەستین، جەختی لە سەر پێویستی هاوئاهەنگی وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕێگری لە تاوانەکانی ئەم ڕژێمە و پاڵپشتی لە گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین کردەوە.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەریش لەو وتووێژەدا وێڕای پیرۆزبایی هاتنی جەژنی ڕەمەزان، بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی لە سەر پەرەپێدانی لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە./.