بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە پاش دەستپێکردنی قەیرانی ئۆکراینا و سەرەڕای بەڵێنی زۆربەی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا بۆ کشانەوەیان لە ڕووسیا، ئەو کۆمپانیانە هێشتا درێژە بە چالاکییەکانیان لەو وڵاتەدا دەدەن.
واشنتن پۆست ڕایگەیاندووە کە هەندێک لە کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا بە کشانەوەی ڕکابەرەکانیان، پشکی زۆریان لە بازاڕی ڕووسیا بەرکەوتووە.
ڕۆژنامەکە هەروەها بە پشت بەستن بە ئاماری زانکۆیەکی سویسرا ڕایگەیاندووە کە کەمتر لە سەدا 9 ی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا کە لقەکانیان لە ڕووسیایە، تا تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئەو وڵاتەیان بە جێهێشتووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو کۆمپانیانەی ڕۆژئاوا کە لە ڕووسیادا ماونەتەوە، زۆربەیان بەسراوەی بازرگانیی ڕووسیان و لە ئەگەری کشانەوەیان تووشی زیانێکی زۆر دەبن.
واشنتن پۆست ڕایگەیاندووە کە هەندێک لەو کۆمپانیانە ڕایانگەیاندبوو کە چالاکییەکانیان ڕادەگرن یان ڕێژەکەی دادەبەزێنن بەڵام تا ئێستا درێژەیان بە چالاکییەکان داوە. هەندێکی دیکە لەوان ڕایانگەیاندبوو کە سەروەت و سامانی خۆیان لە ڕووسیا دەفرۆشن بەڵام هێشتا بە دوای کڕیاردا دەگەڕێن یان هەوڵ دەدەن تێچووی کشانەوەیان کەم بکەنەوە.
بە پێی ئامارێک، 36 هەزار کۆمپانیای نێودەوڵەتی بە تایبەت 3 هەزار و 444 کۆمپانیای سەر بە دامەزراوە بیانییەکان تا نیسانی 2022 لە ڕووسیا چالاکییان هەبووە کە لە نێو ئەواندا 2405 کۆمپانیا سەر بە یەکێتی ئەورووپان و تەنیا 120 کۆمپانیای ئەورووپی لە ڕووسیا کشاونەتەوە./.