بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند: حکومەتەکەی جۆبایدن بە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکەی ئەم وڵاتەی لە ڕووخان و لەناوچوون نزیک کردووەتەوە و ئەمریکا بووەتە وڵاتێک کە بەرەو ڕووخان هەنگاو دەنێت.
ناوبراو وتی: ئەمریکا تووشی کێشە بووە و ئابورییەکەی بەرەو لەناوچوون دەڕوات و هەڵئاوسان لە کۆنتڕۆڵدا نییە. لە لایەکی دیکەوە دۆلاری ئەمریکی بەرەو ڕووخان دەڕوات، دراوی ئەمریکا چیدی دراوی ستانداردی جیهانی نییە و ئەمەش بە واتای شکستی ئەمریکایە، لە کاتێکدا لە چەند ساڵی ڕابردوو شتی وا قەد بیری لێنەدەکرایەوە.
ترەمپ هەروەها وتی کە شکستەکانی بایدن لە بواری سیاسەتی دەرەوە بووەتە هۆی هاوپەیمانی نێوان ڕووسیا و چین و ئەم دوو وڵاتە لە گەڵ ئێران و کۆریای باکور بوونەتە هاوپەیمانییەک کە هەڕەشە لە سەر ئەمریکا دادەنێن.
سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا وتی کە لەو بڕوایەدام قۆناغی ئێستا مەترسیدارترین قۆناغی مێژووی وڵاتی ئێمەیە و بایدن لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ شکستی هێناوە./.