بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئەتەرشی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ ئەرتەشی ئازا و بوێری ئێمە لە بوارە جیاجیاکانی زانست و تەکنۆلۆژیا کەوتووەتە پێشی سوپای وڵاتانی ناوچەکە و ئەرتەشی ئێمە بووەتە هێزێکی ئامادە و پڕچەک و ئازا و لێهاتوو.
ناوبراو وتی: ئێمە دەبینین کە ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشکەوتووترین کەرەستە و چەک بەکار دێنێت و ئەمەش هەمان ئەو پەیامەیە کە ئێمە دەتوانین. ئەرتەش هەڕەشەکانی کردووەتە دەرفەت و لە هەموو کەموکوڕییەک دەرفەتی هێناوەتە پێشەوە. ئەرتەش خەڵکی ئێرانی خۆش دەوێت و گەلیش متمانەی بەم ئەرتەشە هەیە و ئەمڕۆ ئەرتەش بووەتە پشتیوانی ئاسایشی وڵات. هەر ڕووداوێک بێتە پێشەوە ئەرتەش لە گەڵ گەلی ئێران دەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەرتەش قەڵغانێکی بەهێزی بەرگرییە لە گەل و خاکی ئێران لە بەرامبەر دژبەرانی شۆڕش و گرووپە تەکفیرییەکان و ئاژاوەگێڕەکان و ئەرکی پاراستنی سنورەکانی وڵاتی لە ئەستۆیە. ئەرتەش لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرژەوەندییەکانی ئێران دەپارێزێت و خەڵک ئەم ئازایەتییە دەبینن. هێزە چەکدارەکانی ئێمە ئاسایشی ناوچەکە دابین دەکەن و پەیامی ڕۆژی ئەرتەش پەیامی ئاشتی و دۆستایەتییە بۆ ناوچەکە. هەر دەستێک کە بیەوێت ئاسایشی ناوچەکە بپارێزێت، ئەو دەستە بە گەرمی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێمەوە دەگوشرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: هێزەکانی بێگانە بە تایبەت ئەمریکییەکان لە زووترین کاتدا ناوچەکە بە جێ بێڵن لە بەر ئەوەی کە لە بەرژەوەندی خۆیان و ناوچەکەدایە. بوونی هێزی بێگانە هەڕەشەیە لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەڵام هێزەکانی ئێمە لە هەر کوێ بن ئاسایشی ناوچەکە دابین دەکەن. هێزەکانی ئێمە شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانیان کرد و ئاسایش و سەقامگیرییان بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە بەڵام بێگانەکان تەنیا هەڕەشە لە سەر ئاسایشی ناوچەکە دادەنێن. بەهێزبوونی هێزە چەکدارەکانی ئێمە لە بەرژەوەندی ئاسایشی ناوچەکەدایە و بۆ کەس شاراوە نییە کە هێزەکانی ئێمە چۆن ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکەیان پاراستووە.
ناوبراو وتی: دوژمنان بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی ئەم پەیامەیان وەرگرتووە کە بچووکترین هەڵەیەک لە لایەن ئەوانەوە ڕوبەڕوی وەڵامێکی توندی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتەوە و بە واتای لەناوچووی حەیفا و تەل ئەبیب دەبێت./.