بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە میانەی سەردانەکەی بۆ عێراق و چاوپێکەوتنی میدیاکانی ئەم وڵاتە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی قودس، وتی: گەلی فەڵەستین بە تایبەت لە کەرتی خۆرئاوا لە ڕوبەڕوبونەوەیەکی تەواو و بەربڵاو لە بەرامبەر داگیرکاراندان.
ناوبراو وتی: زیاتربوونی خۆڕاگریی فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی. خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا و غەززە و هەروەها بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە کەوتوونەتە شەڕی بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنیستی و ئەم ڕژێمە لە لایەن دەیان هەزار مووشەکی خۆڕاگرییەوە گەمارۆ دراوە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: دوژمنی زایۆنیستی بەو ڕاستییە گەیشتووە کە بە پێی هێزی خۆڕاگری، هاوکێشەکە لە ناوچەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
زیاد نەخالە سەبارەت بە ئاساییکردنەوە و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیەش وتی: ڕێکەوتنی تاران و ڕیاز پەیامێکی گرنگی بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەبوو کە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ زایۆنیستەکان پەلەیان کرد. هیوادارین سعوودیە ڕاستە ڕێگاکە بگرێت و لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە دژی وڵاتانی عەرەبی دوور ببێتەوە و واز لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بێنێت./.