بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەسر شمەری لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین وتی: ئەم پەیوەندییە لە بەرزترین ئاست بە بێ هیچ سنورێک بەردەوامە و هەرچی لە توانای ئێمەدایە، لە ئەزموون و ئیمکانیاتی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکییەکانی داگیرکار، دەیدەینە برایانی تێکۆشەری فەڵەستینی.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ هەمووان دەبێت بزانن کە شێوازی شەڕەکە گۆڕاوە، گیانی ئێمە وەک بزوتنەوەیەکی عێراقی بە فیدای ئامانجی ئازادیی قودس دەبێت و هیوادارین کە لەم شەڕە پڕ لە شانازییەدا لە گەڵ برایانی فەڵەستینی هاوبەش بین و ڕژێمی داگیرکار لە ناو ببەین.
شمەری وتی: دوو ساڵ پێش ژمارەیەک لە ڕژێمە عەرەبییەکان بە گوشاری ئەمریکا پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردەوە و وایان پیشان دەدا کە گەیشتوونەتە دەسکەوت و سەرکەوتن، بەڵام ئەمڕۆ وا بێدەنگن کە دەڵێی کەوتوونەتە ڕێگای مەرگ، ئەوان بۆ سازشت پەلەیان کرد و ئێستا دەبینن کە بەرەی خۆڕاگری یەکگرتوو بووە و گۆڕەپانەکانی شەڕی کۆنتڕۆڵ کردووە.
وتەبێژی بزوتنەوەی نۆجەبا وتی: ئێمە لە بەرەی خۆڕاگری بە تایبەت لە عێراق، ئەو فەرموودەی ئیمام خامنەیی دەبینین کە ” سەردەمی پاش ئەمریکا هاتووە ” و دەبینین کە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بەرەو پاشەکشە دەڕوات، وەک چۆن کە ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕەوە پەنای هێناوەتە بەرگری.
وتیشی کە شارەزایان و سیاسەتمەدارانی ناسراوی ڕۆژئاوا باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوخۆوە لاواز بوون و پاشەکشە دەکەن. هاوپەیمانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە بەرامبەر پێشڕەوی چین و هاوپەیمانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، شکستی هێناوە./.