بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان، نیگەرانی خۆیی لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی فەڵەستین دەربڕی و ئیدانەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیشی کرد و وتی کە وڵاتانی ئیسلامی بە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوودا ڕێگری لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بکەن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە ئاماژە بە پەیوەندی دێرین و دۆستانەی نێوان ئێران و پاکستان، وتی کە سیاسەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، ستراتیژی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش لەو وتووێژەدا وێڕای ئیدانەکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕۆژانی ڕابردوو، ڕایگەیاند کە پاکستان لە بەرەی پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستیندا دەمێنێتەوە و هیوای خواست کە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بە کردەوە پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین بکات./.